به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژەی مردن به‌ كۆرۆنا نرخی لیره‌ی تورکیی دابەزاند

:: AM:10:14:21/11/2020 ‌
دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توركی ئاشكرای كرد، وڵاته‌كه‌ی به‌ تۆماركردنی 141 حاڵه‌تی مردن لە ڕۆژێکدا به‌رزترین ئاستی مردنی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كردووه‌، جارێكی تر نرخی لیره‌ی توركی به‌رانبه‌ر دراوه‌ بیانییه‌كان دابه‌زی.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 21ی تشرینی دووه‌م، موراد سوڵتان گوته‌بێژی بۆڕسه‌ی باكوری توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆرن به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، "دوای یه‌ك هه‌فته‌ به‌رده‌وام له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های لیره‌، ئه‌مڕۆ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا و یۆرۆ به‌رزترین نرخیان به‌رانبه‌ر لیره‌ تۆمار كرد و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه."

زیاتر گوتی، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ و سبه‌ی له‌ بۆڕسه‌ی توركیا ئاڵوگۆڕی دراو ناكرێت، به‌ڵام به‌هۆی ڕاگه‌یانراوه‌كه‌ی دوێنێی حكوومه‌ته‌وه‌ له‌ باره‌ی ئاماری تووشبوو و مردووان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، ئه‌مڕۆ له‌ بۆرسه‌دا 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رانبه‌ر 764 لیره‌ی توركییه‌، هه‌روه‌ها 100 یۆرۆ به‌رانبه‌ر 905 لیره‌ی توركییه‌.

ڕوونی كرده‌وه‌، "له‌ توركیا به‌هۆی زیادبوونی ئاماره‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، قوتابخانه‌كان و زانكۆ و دایه‌نگه‌كان ئێسته‌ به‌ ئۆنڵاین وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ و چێشتخانه‌كانیش ته‌نیا خزمه‌تگوزاری گه‌یاندنیان هه‌یه‌، سینه‌ما و شاری یاری و شوێنه‌ گشتییه‌كان تا سه‌ری ساڵ داخراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆربه‌ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان داخراون، بۆیه‌ زیانی زۆر به‌ر ئابووری توركیا كه‌وتووه‌".

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی تازه‌وه‌ نرخی لیره‌ی توركی له‌ به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ دابه‌زیندایه‌ و به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌هاكه‌ی كه‌م بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دۆخی ئابووریی توركیای هێنده‌ی تر ناله‌بار كردووه‌ و چه‌ندان ناڕه‌زایه‌تی له‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌.


وشە - محەمەد میران

ئه‌م بابه‌ته 190 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌