سۆران .. چوار ژن ڕووبەرووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە

:: PM:12:23:21/11/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و  خێزان لە سۆران، ئاماری 10 مانگی رابردووی رووداوەکانی سنوورەکە بۆ "وشە" ئاشکرا دەکەن و بەشێک لە ئافرەتان رووبەڕووی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 21ی تشرینی یەکەم، شێروان خالید گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا،  165 سکاڵا ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کراوە کە 154ی لەلایەن ڕەگەزی مێ و 10 سکاڵا لەلایەن ڕەگەزی نێر و یەک سکاڵاش مافی گشتی بووە.

شێروان خالید ڕوونی کردەوە، رووداوەکان بەو شێوەیەک بوون: دوو حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان، چوار سووتان، پێنج خۆسوتاندن و چوار حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی لە سنووری سۆران تۆمار کراون.

بەپێی قسەی شێروان خالید، هۆکاری رووداوەکان بۆ کێشەی خێزانی و کێشەکانی دارایی لە نێوان ژن و مێرد و خێزانەکان دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی بۆ لایەنی رۆشنبیریی خێزان دەگەڕێتەوە.

دووپاتی کردەوە، بە شێوەیەکی گشتی ئامارەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، لە 10 مانگی ساڵی رابردوو تاوانەکان بەم شێوەیە تۆمار کراون: 216 سکاڵا بوونی هەبووە و دوو کوشتن و سێ خۆکوشتنی ژنان تۆمار کراوە، 11 سوتان و شەش خۆسوتان و دوو حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی تۆمار کراون.

سۆران لە رووی کارگێڕیەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە و ناوەندی هەر سێ شارۆکەی رواندز، چۆمان و مێرگەسۆرە، بە دووریی 110 کم لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵکەوتووە، رێژەی دانیشتووانی دەڤەرەکە زیاتر لە 300 هەزار کەسە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - ڕێناس شابان