نیازی هه‌ورامانی جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه" باس له‌وه ده‌كات په‌كه‌كه ده‌بێ بزانێت میوانن و خاوه‌ن ماڵ نین، بۆیه پێویسته ره‌چاوی دۆخی كوردستان بكه‌ن.
•تا چه‌ند پێویسته په‌كه‌كه سه‌روه‌ری یاسا و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت؟
ده‌بێت په‌كه‌كه ڕه‌چاوی دۆخی كوردستان بكات و توركیایش هاووڵاتیی سڤیل نه‌كاته قوربانی سیاسه‌تی خۆی، ئێمه قه‌واره‌یه‌كمان هه‌یه ده‌بێت په‌كه‌كه ئاگای له‌م قه‌واره‌یه بێت، په‌كه‌كه له‌وه تێبگات میوانه و خاوه‌ن ماڵ نییه، چونكه پارتی وه‌ك حزبی یه‌كه‌م و یه‌كێتی وه‌ك حزبی دووه‌م له باشووری كوردستان شۆڕش و خه‌باتیان كرد، ده‌بێت په‌كه‌كه‌ش له‌وه تێبگات شوێنی خه‌باتی ئه‌و باكوری كوردستانه، هه‌میشه میوان ده‌بێت رێزی حاڵی خاوه‌ن ماڵ بگرێ نه‌ك ئێمه ئیحراج بكات و توركیایش ڕابكێشێته ناو هه‌رێمی كوردستان بۆ جێبه‌جێكردنی ئۆپراسیۆنه‌كانی.
•پێتان وایه بیانووی توركیا بۆ ئۆپراسیۆنه‌كان ته‌نیا په‌كه‌كه‌یه؟
من چی هه‌ق بێت ئه‌وه ده‌ڵێم، جگه له‌وه‌ی لێپرسراوێكی حزبیم كه‌سایه‌تێكی ئاینیم ده‌بێت ڕاستگۆیانه قسه بكه‌م، توركیا ده‌ڵێت سیاسه‌تم وایه دوژمنه‌كه‌م له هه‌ر شوێنێك ده‌ستم پێبگات ده‌توانم به‌شوێنیدا بچم، ده‌بێت براده‌رانی په‌كه‌كه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بیانووه نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه، ئه‌مڕۆ له باشووری كوردستان بێت شه‌ش مانگی تر بۆ ساڵێك ڕه‌نگه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بن، من لام سه‌یره ئه‌وان خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ كوردستانی باكور ناڕۆن له كوردستانی باكور ناوچه‌یه‌ك ئازاد بكه‌ن بۆ خه‌باتی خۆیانی تێدا بكه‌ن، بۆیه روونه كه هه‌موو بیانووه‌كانی توركیا په‌كه‌كه‌یه.
په‌كه‌كه له به‌شێكی خاكی كوردستان به‌دیلی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی داناوه شاره‌وانی هه‌یه، روانینتان بۆ ئه‌وه چییه؟
ده‌بوو پێش ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه شاره‌وانی دابنێت له‌و ناوچانه، حكوومه‌ت شاره‌وانی دابنایه، به‌پێی یاسا و پڕۆتۆكۆڵ ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه له ته‌واوی سنوور هێز بڵاوه پێ بكات بیپارێزێت، ئێمه دووپات له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هی هه‌مووان بێت و ئه‌ركی پاراستنی هه‌موو سنووره‌كانه به‌و سنووره‌ی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران و سووریا و له ئاینده‌ش ببین به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، سنووری نێوان ده‌وڵه‌تی خۆمان و عێراق بپارێزن.
كه‌واته په‌كه‌كه بۆی نییه بڵێ نابێت پێشمه‌رگه بێته ئه‌و سنوور و ناوچانه‌ی هێزه‌كانی ئێمه‌ی تێدایه؟
من ناتوانم بڵێم هێز بجووڵێنرێت، ئه‌وه ئه‌ركی داوده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بكه‌ن، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، جووڵاندنی هێز پێویستی به په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمان ده‌رده‌كات و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام بڕیار نییه هه‌ركات ویستمان هێز بجووڵێنین پرس به په‌كه‌كه بكه‌ین.
به‌هۆی په‌كه‌كه و بۆردمانه‌كانی توركیا، سه‌تان ناوچه ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه و خه‌ریكه ژێرخانی ئابووری و كشتوكاڵیش ده‌بێته ململانێی ئه‌و قوربانییانه، ئێوه چی ده‌ڵێن؟
داواكارین هێزه‌كانی په‌كه‌كه ڕه‌چاوی دۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، میوانن كه‌س پێی خۆش نییه میوانه‌كه‌ی میوانێكی ڕه‌زاقورس بێت و ببێت به ئه‌رك بۆ خاوه‌ن ماڵ، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت په‌كه‌كه رێزی گوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه سنوورییه‌كان خه‌ڵكی جووتیار و باخداره‌كان بكات، ناكرێ خه‌ڵك گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزێك له‌و سنووره‌یه خه‌بات ده‌كات بۆ باكوری كوردستان، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه شوێنی خه‌باتی په‌كه‌كه كوردستانی باكوره، ئه‌مه ڕاستییه.
هه‌ولێر / عه‌زیز هه‌ورامی