هەڵكشانی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان دەبێت

:: PM:05:07:21/11/2020 ‌

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان بۆ سەروو 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرز بووەوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەو پەرەسەندنە بە دڵخۆشكەر دەزانێت.
ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم ئاسانتر دەكات
ئەمڕۆ شەموو 21ی تشرینی دووەم، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ سەروو 45 دۆلار بۆ بەرمیلێك بەرز بووەوە، شارەزایانی ئابووری ئەو هەڵكشانە بۆ هەواڵی ڤاكسینەكانی دژ بە كۆرۆنا دەگەڕێننەوە، كە لە ماوەی داهاتوودا بەردەست دەبن و كاریگەری باشیان لەسەر كەمبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەبێت.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەوپێیەی 80%ی بودجەی هەرێمی كوردستان و عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر بودجەكانیان دەبێت، بەتایبەت بودجەی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم ئاسانتر دەكات، ئەگەرچی ئێستەیش گفتوگۆ بەردەوامە، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت بەرز بێت، ڕێككەوتنە نەوتییەكان باشتر دەڕۆنە پێشەوە.

جەبار روونی كردەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری جیهان هەبوو، كوردستانیش بەدەر نەبوو لەو گورزەی كۆرۆنا لە داهاتەكەی دا، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان هیچ پارەیەكی یەدەگی نەبوو، بۆیە كاریگەرییەكە لەسەری قورستر بوو، دووپاتی كردەوە، بە نەمان یان كەمبوونەوەی كۆرۆنا، ئابووری جیهان و ناوچەكە بەگشتی بەسەر پێ دەكەوێتەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل