شنگال.. پۆلیسی عێراق چەند چەكدارێكی نزیك لە پەكەكە دەگرێت

:: PM:08:40:21/11/2020 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی لە شارۆكەی شنگال رای گەیاند كە هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ شەموو سێ چەكداری یەكینەكانی پاراستنی شنگال "یەپەشە"یان لە گوندی وەردییە لە رۆژئاوای شنگال گرتووە، بێ ئاشكراكردنی هۆكاری گرتنەكە. 
پەكەكە: چەك بە ڕووی هێزەكانی عێراق بەرز ناكەینەوە
سەرچاوە تەناهییەكە روونی كردەوە، گیراوان ئۆتۆمبێلێكی بەرزیان پێ بووە و ئەویش دەستی بەسەردا گیراوە. 

دوێنێ دوو لیوای پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق گەیشتنە شارۆكەكە، ئەوەیش بۆ گرتنەدەستی ئاسایشی ناوخۆی شنگال و وەدەرنانی گرووپە چەكدارە نایاساییەكان.

لای خۆیەوە گۆران بایك، سەركردەیەكی پەكەكە ئەمڕۆ شەموو لەبارەی بڵاوبوونەوەی لیواكانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە شنگال گوتی، پەكەكە شنگال بە بابەتێكی ناوخۆیی عێراق دادەنێ و كار بۆ یارمەتیدانی پێكهاتەی ئێزیدی دەكات، گەیشتنی هێزێكی تەناهی عێراقی بۆ شنگال شتێكی ئاساییە و ئێمە دەست لە دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی ناوچەكە وەرنادەین و چەك بە ڕووی هێزەكانی عێراق بەرز ناكەینەوە. 

دووشەمی رابردوو قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رای گەیاند، پۆلیسی ناوخۆیی ئەركی پاراستنی ئاسایشی شنگال دەگرێتە دەست و سوپایش لە دەرەوە دەیپارێزێت، كەسانێك ویستیان ناكۆكی و ترس لەنێوان خەڵكی شنگال و بۆ مەبەستی دیار بڵاو بكەنەوە، پێویستە ژیان لە شنگال ئاسایی بكرێتەوە و ئاوەدان بكرێتەوە و خراپەكار سزا بدرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل