پسووڵەی خۆراك بەئەلیكترۆنی دەكرێت

:: PM:09:04:21/11/2020 ‌

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە تاقیكردنەوەی پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی پسووڵەی بەشە خۆراكی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی چاوەوە دەستی پێ كردووە، ئەوەیش دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوو ئەو پرۆسەیە لە رێگە پەنجەمۆرەوە سەركەوتنی بەدەست نەهێنا.
تاقیكردنەوەی لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە
ئەمڕۆ شەموو 21ی تشرینی دووەم، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی پسووڵەی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لەلایەن رێكخراوی جیهانی "دەبلیۆ ئێف پی"، دەستی پێ كرد و لە پارێزگای دهۆك چەند بریكارێك دیاری كران بۆ تاقیكردنەوە تا بزانرێ سەركەوتوو دەبێت یان نا.

زیاتر گوتی، ئەو پرۆسەیە لە رێگەی پەنجەمۆرەوە بوو، دوای ئەوەی چەند مانگێگ بەردەوام بوو، دواتر دەركەوت ئەو پرۆسەیە بەشێوەی پەنجەمۆر سەركەوتوو نییە و ناتوانرێ ئەو هەموو كەسە پەنجەمۆری بۆ بكرێت و كارەكە راگیرا.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم روونی كردەوە، دوای ئەوە رێكخراوەكە پلانی دووەمی بەكار هێنا، ئەویش بەكارهێنانی چاو بۆ ئەو پرۆسەیە، ئەویش بە بەكارهێنانی كامێرا بەرانبەر بە چاوی كەسەكە و دەیخوێنێتەوە و هیچ گرفتی نییە، ئەو تاقیكردنەوە لە پارێزگای سلێمانییە و ماوەیەكە بەردەوامە.

"بەئەلیكترۆنیكردنی پسووڵەی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان و لابردنی ئەو كاغەزەی ئێستە زۆر باشە، چونكە تەواوی كارە رۆتین و مامەڵەكان نامێنن، بۆ نموونە خێزانێك كاتێك منداڵیان دەبێت، ناچن ناو تۆمار بكەن و تا دەگەڕێتەوە، بەڵكو لە رێگەی ئەو كارتەوە لە كەمترین ماوەدا منداڵی نوێ تۆمار دەكرێت" نەوزاد شێخ كامیل وای گوت.

شایەنی باسە لە عێراق زیاتر لە 38 ملیۆن هاووڵاتی بەشە خۆراكی مانگانە وەردەگرن و ماوەی چەند ساڵێكیش دەبێ حكوومەتی عێراق توانای دابینكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی وەك پێویست نەماوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل