پەرلەمانتارە خۆفرۆشەكان ئامادەییان دەربڕیوە كە مووچەی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان نەمێنێت

:: AM:08:49:22/11/2020 ‌
دوای چەند هەوڵێكی شكستخواردوو لە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، دواجار پەرلەمانتارە خۆفرۆشەكان خیانەتە مەزنەكەیان ئەنجام دا و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كە واژوو بكەن كوردستان هیچ شەهیدێكی نییە و مووچەی پێشمەرگەیش ببڕێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی تشرینی دووەم، ئارام محەمەد سەرۆكی ڕێكخراوی شەهیدانی سەنگەر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە چەند خۆفرۆشێك ئەو قوربانییەی كەسوكاری ئازیزی ئێمە داویانە، خەریكە دەیكەنە گەمەی یارییەكانی خۆیان.

ئەوپەڕی بێ‌ ڕێزییە و سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین
سەرۆكی ڕێكخراوی شەهیدانی سەنگەر گوتی، ئێمە زانیومانە ئەو پەرلەمانتارانە بۆ مووچە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب ڕێككەوتوون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بڕینی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە، ئەوەیش ئەوپەڕی بێ‌ ڕێزییە و سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین.

ڕوونی كردەوە، ئەگەر شەهیدان نەبوونایە ئێستە چەند هەرزەكارێكی وەك ئەوان یان جاش بوون یان دەبوو قبووڵیان بێت ڕۆژانە سووكایەتی بە كەسوكاریان بكرێت لەلایەن بەعس و دارودەستەكەی.

شایانی باسە دوای هەوڵی ژمارەیەك بەناو نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی و بە واژووی 112 پەرلەمانتاری كورد و عەرەب، هاتە راگەیاندن ئەوان داواكاری پێشكەش بە پەرلەمان دەكەن بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر حكوومەتی عێراق، ئەوەیش بە یەكێك لە هەوڵە نەزۆكەكان دادەنرێ بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد