كوتلەی خۆفرۆشەكان شكستی هێنا

:: AM:08:56:22/11/2020 ‌
دوای هەوڵی چەند پەرلەمانتارێك كە هەمیشە یاری بە هەست و سۆزی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەن، پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە بەغدا دەڵێت، ئەو هەوڵەتان نەزۆكە و شكست دەهێنێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی تشرینی دووەم، بەهار مەحموود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، پشتیوانی هەموو هەوڵێكم بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەبارەی پڕۆژەی دابەشكردنی مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە، من وەك كەسێكی یاسایی پێم وایە ئەم هەوڵە نەزۆكە و سەر ناگرێت.

ناتوانێ بەبێ ڕەزامەندی حكوومەت بڕیاری لێ بدات، واتە دەبێ حكوومەت ڕازی بێت بەم هەنگاوە
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەو هەوڵە بۆیە سەرناگرێت، چونكە بەپێی مادەكانی 117 و 121ی دەستوور بابەتی مووچە كاری حكوومەتی هەرێمە، ئەم بابەتە لەبەرئەوەی بابەتێكی داراییە، پەرلەمان ناتوانێ بەبێ ڕەزامەندی حكوومەت بڕیاری لێ بدات، واتە دەبێ حكوومەت ڕازی بێت بەم هەنگاوە.

باسی لەوەش كردووە، بەبۆچوونی ئێمە حكوومەت ئامادەی كارێكی لەو جۆرە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، چونكە لە لایەك بڕی پارەكە زۆرە ناتوانێ بەبێ رادەستكردنی داهاتی هەرێم، ئەو خەرجییە لە خۆی بگرێت، لەلایەكی تریشەوە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی مادەی حەوتی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییە كە ئەنجامدەرەكەی تووشی سزای یاسایی دەكات. 

چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا كە گومان لە كوردبوون و سوێندخواردنیان هەیە، ئێستە دەستیان لەگەڵ ژمارەیەك لە فراكسیۆنە عەرەبەكان تێكەڵ كردووە و هەمیشە هەوڵی دروستكردنی پشێوین بۆ ئاڵۆزكردنی نێوان حكوومەتی هەولێر و بەغدا، هەوڵەكانیشیان تەنیا بۆ بانگەشە و نزیكبوونەوەیە لە هەڵبژاردنەكان نەك لە دڵسۆزییان بۆ مووچەخۆران.





وشە - رامیار جەواد