به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای ھه‌ولێر گوتی، له به‌رده‌وامیی گرنگیدانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان به كه‌رتی كاره‌با، پێنج پڕۆژه‌ی نوێ له ھه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێن كه كێشه‌ی بارگرانیی كاره‌با چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
حوسێن حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای ھه‌ولێر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، پێنج پڕۆژه‌ی كاره‌با له ھه‌ولێر ته‌نده‌رینی بۆ كراوه و دراوه به وه‌ربه‌ھێنه‌ران و له‌م رۆژانه گرێبه‌ستیان بۆ ده‌كرێت، دواتر ده‌ست به جێبه‌جێكردنیان له پارێزگای ھه‌ولێر ده‌كرێت.
حوسێن حه‌مه‌د ڕوونی كرده‌وه، ئه‌و پێنج پڕۆژه‌یه‌ی كه له شاری ھه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن، راكێشانی ھێڵی 11 كه‌یڤین بۆ چاره‌سه‌ری بارگرانیی كاره‌بای11 كه‌یڤی، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كێشه‌ی بارگرانیی كاره‌با له شاری ھه‌ولێر چاره‌سه‌ر بێت، له‌م رۆژانه گرێبه‌ستی بۆ ده‌كرێت و ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت.
زیاتر گوتی، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئه‌و كاره بۆ ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی زستان ده‌كات، چونكه له‌و وه‌رزه‌دا كێشه‌ی كاره‌با زۆر ده‌بێت و ده‌یه‌وێ له ئێسته‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات، تا ئێسته ڕۆژانه 18 سه‌عات كاره‌با ده‌ده‌ین و به جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه سه‌عاته‌كانی كاره‌با زیاتر ده‌بن و كێشه‌ی بارگرانیی سه‌ر كاره‌باش چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای ھه‌ولێر ڕوونیشی كرده‌وه، حكوومه‌ت به دوو ئاراسته كار بۆ زیادكردنی به‌رھه‌می كاره‌با ده‌كات، ئه‌وانیش زیادكردنی گاز بۆ وێستگه‌كان و ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ن، بۆیه ئه‌و دوو ھۆكاره وا ده‌كات سه‌عاته‌كانی كاره‌با زیاد بێت، به‌ڵام تا جێبه‌جێ نه‌كرێن، دیار نابێت چه‌ند سه‌عات كاره‌با زیاد ده‌بێت.
تا ئێسته و له‌م كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له پارێزگای ھه‌ولێر 25 پڕۆژه‌ی كاره‌با به بڕی 27 ملیار دینار له جێبه‌جێكردندان.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم