کەرکووک.. خۆپێشاندان دژی ڕاكان جبووری دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:16:22/11/2020 ‌
ژمارەیەكی زۆر لە شوفێران دژی بڕیارەكانی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك، گرد بوونەوە و داوای ڕاگرتنی باجی نایاساییان كرد كە لەلایەن ئیدارەی كەركووك لێیان وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی تشرینی دووەم، هەڵگورد هادی نوێنەری ئەو شوفێرانە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر زیادكردنی رێكارەكان و زیادكردنی باج لەسەر كاركردنیان، بەشێك لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە سنووری پارێزگای كەركووك، گردبوونەوەیەكمان ڕێكخستووە.

كاتێك دێتە ناو شاری كەركووك بڕی 10 هەزار دیناریان وەك باج لێ وەدەگیرێت 
ڕوونی كردەوە، شوفێرانی بارهەڵگر لە نزیك بازگەی شوان لەسەر رێی كەركووك بۆ هەولێر، گرد بوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بەو رێكارانە و زیادكردنی باج لە سەریانە و تەنیا بۆ شوفێرانی كوردیشە. 

باسی لەوەش كرد، ئێستە هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە كەرەستەكانی بیناسازی دەگوازنەوە، كاتێك دێتە ناو شاری كەركووك بڕی 10 هەزار دیناریان وەك باج لێ وەدەگیرێت كە كەس نازانێت بۆ چییە و تەنیا پارچە كاغەزێكت پێ‌ دەدەن مۆرێكی لێ دراوە.

زیاتر گوتی، وەك شوفێران داوا لە ئیدارەی كەركووك دەكەین ئەو رێكارانە هەڵبوەشێنرێنەوە كە بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان دروست كردووە.

بڕیارەكانی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بەردەوام دژی كوردی ئەو شارەیە و چەندان بڕیاری دژی كاسبكارانی كورد دەركردووە.

سەبری هۆڕێنی




وشە - رامیار جەواد