نوێنەری سەرۆكی حكوومەت لە پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا

:: PM:01:34:22/11/2020 ‌
بە نوێنەرایەتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای هەولێر ئەنجام دا.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێردا هاتووە، بەسەرپەرشتی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت و مەسعوود كاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگادا كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرجەم قایمقام و بەرپرسانی تەناهی و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دا.                      

بەهەموو لایەكمان نەهێڵین هیچ كەلێنێك لە كارەكان دروست بێت 
نوێنەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەدەستدانی فرسەت سۆفی زیانێكی گەورە بوو بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەك بەتایبەتی شاری هەولێر، گیان لەدەستدانی هەموومانی خەمبار و تازیەبار كرد، بەم بۆنەیەوە جارێكی تر پرسە و سەرخۆشی لە خۆمان و خێزان و هاوكارانی دەكەین. دواتر نوێنەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لەو هەنگاو و كارانە كرد كە پارێزگاری كۆچكردوو لە بەرنامەی كاریدا دابوون بۆ خزمەتكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتییانی شاری هەلێر.

سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، تیشكی خستەسەر ئەوەی پێویستە لەمەودوا بەهەمان ڕۆحییەت و دڵسۆزییەوە لەسەر ڕێی خوالێخۆشبوو بەردەوامی بەكارەكان بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەك سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەین هەموو هاوكاری و پاڵپشتییەكتان پێشكەش بكەین، گرنگ ئەوەیە بەهەموو لایەكمان نەهێڵین هیچ كەلێنێك لە كارەكان دروست بێت.             

دواتر هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بە وەكالەت گوتی، هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینەگەڕ و  بەهەمان دڵسۆزی و شەونخوونی و گەرموگوڕییەوە كار دەكەین بۆ درێژەدان بەپلان و كار و بەرنامەكانی فرسەت سۆفی، گەیاندنی خزمەتگوزاری و خزمەتكردنی هاووڵاتییانی پایتەختی هەرێمی كوردستان و ڕێ نادەین هیچ كەلێنێك لە كارەكاندا ڕوو بدات.                                                      



وشە - رامیار جەواد