پەرلەمانتارێک چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەخاتە ڕوو

:: PM:01:40:22/11/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئێستە بۆ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، چارەسەر ئەوەیە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی تشرینی دووەم، موحسین دۆسكی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چارەسەر بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدایە.

ئەگەر دژایەتی مووچە لەلایەن پەرلەمانتارە عەرەبەكان بووایە شتێكی جێی سەرنج نەبوو 
زیاتر گوتی، پێویستە ڕێككەوتن بكرێت لەسەر ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن لەگەڵ بڕی ئەو نەوتەی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت تا لە بودجەی 2021یش هیچ كێشەیەك نەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر دژایەتی مووچە لەلایەن پەرلەمانتارە عەرەبەكان بووایە شتێكی جێی سەرنج نەبوو، بەڵكو ئەوەی ئێستە دەكرێت لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی كوردە و خۆیان بە كورد نازانن، بۆیە دژایەتی خەڵكی كوردستان دەكەن.

ڕوونی كردەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، وایكردووە ئەو پەرلەمانتارانە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی سەرنجی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆیان ڕابكێشن.



وشە - رامیار جەواد