ئێران لە دوا ساتەكانی ترەمپ نیگەرانە و داوای هێوربوونەوە دەكات

:: PM:04:44:22/11/2020 ‌

چوارساڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئێران بریتی بوو لە وشكەساڵی لە رووی ئابوورییەوە، هەر دوای هاتنی سزاكانی توندتر لەجاران بەسەر ئێران سەپاند بەرەو بەسفركردنی هەناردنی نەوتەكەی، ئەگەر ترەمپ سەركەوتوو بووایە، ئێرانی ناچاری رێككەوتنێكی نوێ دەكرد، لەوكاتەی ئێران لەبارەی سیاسەتی داهاتووی جۆ بایدن هیچی بۆ دیار نییە، ترسی لە دوا ساتەكانی ترەمپ لە كۆشكی سپی هەیە و داوای هێوركردنەوە لە میلیشیاكانی لە عێراق دەكات.
هێرشی میلیشیاكان بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان و هێشتنەوەی ئامانجەكانیانە بە نادیاری
هەفتەی رابردوو راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەوەیان كرد كە ترەمپ لە دوا ساتەكان جێبەجێكردنی بڕیارێكی وەستاند بە وەشاندنی گورزێك بۆ دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران، ئەویەش دوای ئەوەی هاتە راگەیاندن كە ئێران پابەندی ئاستی پێویستی پیتاندنی یۆرانیۆم نەبووە، بۆیە ئێستە ئێران بەرژدییەكی زۆرەوە مامەڵە دەكات لەئەگەری هێرشێكی كتوپڕی ئەمەریكا، بەتایبەتی ترەمپ، بەر لەوەی لە 20ی كانوونی دووەك كۆشكی سپی چۆڵ بكات، بۆیە ئێران گوشاری خستووەتە سەر میلیشیاكانی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست كە خۆیان لە هەر سەركێشییەك بەدوور بگرن ببێتە ئەگەری كردنەئامانجی لەلایەن ئەمەریكاوە.

بەرپرسانی عێراقی ئاماژەیان كرد كە ئێران پەیامێكی توندی داوەتە میلیشیاكانی، بەتایبەتی لە عێراق و لبنان بەوەی لەوپەڕی ئامادەسازیدا بن و خۆیان لە نانەوەی پشێوی لەگەڵ ئەمەریكا بەدوور بگرن و هۆكارێك نەدەنە دەست ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشێك لە دوایین چەند هەفتەیی دەسەڵاتی.

ئاژانسی "ئەسیۆشێتید پرێس"، لە سیاسەتوانێكی عێراقی گواستەوە كە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران داوای لە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە عێراق كردووە هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكەدا بوەستێنن و هێمن ببنەوە، ئەو داوایەیش بەرجەستەی زیادبوونی نیگەرانی ئێران دەكات بەرانبەر بە ئاكارێكی پێشبینی نەكراوی ترەمپ و دڵنیا نەبوونەوەی لەو ماوەیەدا تا كاتی هاتنە دەسەڵاتی بایدن لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا. 

دوای چەند سەعاتێك لە رادەستكردنی قائانی بۆ پەیامەكەی ئێران بۆ میلیشیاكانی و لەكاتی بوونی لەسەر خاكی عێراق، چوار مووشەكی كاتیۆشا لە ناوچەی سەوزی بەغدا كەوتنە خوارەوە، وەك بەرپرسانی تەناهی عێراق ئاماژەیان كرد، ئامانجی هێرشەكە باڵێوێزخانەی ئەمەریكا بوو، ئەو هێرشە دوای رێنوێنییەكانی ئێران رەنگە ئاماژەیەك بێ بۆ بوونی ناكۆكی لە ریزی میلیشیاكان، یان پلانێك بێت بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە و بەهێشتنەوەی ئامانجەكانیان بە نادیاری.

ئەو میلیشیایەی ناوچەی سەوزی مووشەكباران كرد ناوی "ئەسحاب ئەلكەهف"ە، كە بەپێی زانیارییەكان دوای گرتنی ژمارەیەك لە ئەندامەكانی لە فەلووجە ئەو كارەیان ئەنجام داوە، لەوكاتەی پێشبینی دەكرێ ئەوان سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی بن، كە ئەنجامدانی هێرشەكەی رەت كردەوە.

پێنجشەمی رابردوو حەسەن دەهقان، راوێژكاری عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران وریایی لە هەر هێرشێكی ئەمەریكی بۆ سەر وڵاتەكەی دا، كە رەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێكی فرەوان لە ناوچەكەدا، ئەگەرچی دوای ئەوە گوتی، ئێمە پێشوازی لە جەنگ ناكەین و نامانەوێ دەستپێشخەر بین تیایدا.

عێراق بە بەردەوام گۆڕەپانێكی گریمانكراوی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمەریكا و ئێران بووە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بەهۆی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر باڵوێزخانە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمەریكا هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەكەی كرد، ئەو هەنگاوەی تەنگژەیەكی گەورەی دیپلۆماسی دروست كرد و بە ئاگربەستێكی نافەرمی بەر لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا كۆتایی هات.  

لە لبنانیش حەسەن نەسرەڵا، ئەمینداری گشتیی حزبەڵای لبنانی داوای لە لایەنگر و هاوپەیمانەكانی كرد لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتووی لە دەسەڵاتی ترەمپ ماوە وریا بن، گوتی، پێویستە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا لە وریایی و ئامادەسازییەكی توندا بین، ئەو هانی لایەنگرانی دا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسی و دەستدرێژییەك و وەڵامدانەوەی بەهاوشێوەی خۆی، ئەوە ئەگەر ئەمەریكا و ئیسرائیل دۆخەكەیان بەوشێوەیە گەیاند.

چاودێران پێیان وایە زەحمەتە ترەمپ هێرشێكی كتوپڕ بكاتە سەر ئێران، سەختییەكەیش لەوەدا نییە بە وەشاندنی گورزێكی كتوپڕ بۆ دامەزراوە ناوكی و سەربازی و ستراتیجییەكانی ئێران، بەڵكو لە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی كاردانەوە و وەڵامدانەوەی ئێرانە، كە میلیشیاكانی لە چەندان ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، جیا لە ئەمەریكای لاتینی و ئەفریقیا، جیا لەوەیش هۆكاری كات گوشارێكە بۆ سەر ترەمپ و یارمەتی نادات بۆ هێرشێكی لەوجۆرە.

لەو ناوەدا فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا رەوانەكردنی فڕۆكەیەكی سەربازی لە جۆری (بی-52)ی بۆ بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، وەك ئامادەسازییەك بۆ هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراو لە ناوچەكە، ئەوەیش بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی لەگەڵ ئێران هەیە، چاودێران پێیان وایە رەوانەكردنی ئەو فڕۆكەیە پەیامێكە بۆ ئێران و میلیشیاكانی بەوەی هەر هێرشێك بۆ سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەتوندی وەڵام دەدرێتەوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌