سبەی كۆنگرەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی ئابووریی كوردستان دەست پێ دەكات

:: PM:09:28:22/11/2020 ‌

بڕیارە سبەی دووشەم كارەكانی كۆنگرەیەكی ئابووری كوردستانی ئەمەریكی، بە مەبەستی هاندانی كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی دوای پەتای كۆرۆنا، بە چاودێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەمەریكا دەست پێ بكات.
باسی گۆڕانكاری لە یاسای وەبەرهێنان و هەلی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكان دەكرێت
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گوتی، سبەی دووشەم كارەكانی كۆنگرەی ئابووری كوردستانی ئەمەریكی دەست پێ دەكات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، روونی كردەوە، كۆنگرەكە لە رێگەی بازنەی ڤیدیۆییەوە دەبێت.

زیاتر گوتی، دەستەی وەبەرهێنان دیدی خۆی سەبارەت بە وەبەرهێنان و بوارەكانی بۆ ماوەی دوای نەمانی كۆرۆنا دەخاتە روو، هەروەها لە كۆنگرەكە باسی ئەو گۆڕانكارییانە دەكرێ كە بڕیارە لە یاسای وەبەرهێنان ئەنجام بدرێت، جیا لە بوارەكانی هەلی وەبەرهێنان كە لە هەرێم هەن.

سەرۆكی دەستەكە روونی كردەوە، دەستەی وەبەرهێنان دیدێكی روون سەبارەت بە كەشوهەوای وەبەرهێنان لە هەرێم بۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكی ئەوانەی خواستی كاركردنیان لە هەرێم هەیە، دەخاتە روو.

لەوكاتەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەمەریكی لە بەیاننامەیەكی فەرمی رای گەیاندبوو، لە رۆژانی 23 و 24ی ئەم مانگە، بەشێوەی ئۆنلاین و بە بەشداری بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی لە هەرێم وەبەرهێنان دەكەن، كۆنگرەیەك ئابووری تایبەت بە وەبەرهێنان دێتە سازكردن.

بەپێی بەیاننامەكە گفتوگۆ لەباری چۆنیەتی پەرەپێدانی ئابووری و دابینكردنی هەلی وەبەرهێنان و گرنگیدان بە ئاسایشی خۆراك لە هەرێم و داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێم لە بواری وزە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بڕیاریشە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپاڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا لە كۆنگرەكەدا بەشداری بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 291 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌