مستەفا كازمی: كێشە لە یاسای قەرزكردن هەیە و چەند هەڵەیەكی تیادایە

:: PM:03:51:24/11/2020 ‌

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە كێشە لە یاسای قەرزكردن هەیە و چەند هەڵەیەك لەخۆ دەگرێت، بۆیە كۆبوونەوەی بەردەوامیان لەگەڵ پەرلەمان هەیە بۆ چارەسەركردنی.
كێشە لە یاسای قەرزكردن هەیە
ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی خۆی ساز كرد و تیایدا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران‌وی عێراق ئاماژەی كرد كە كێشەمان لە یاسای قەرزكردن هەیە و چەند هەڵەیەكی لەخۆ گرتووە، بۆیە لە كۆبوونەوەی بەردەوامداین لەگەڵ پەرلەمان بۆ چارەسەركردنی.

كازمی دووپاتی كردەوە، حكوومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئاسانكاری پێویست بۆ وەبەرهێنەران لە عێراق، بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كازمی رای گەیاندووە كە وەبەرهێنانی گرنگی لەپێشینەی هەیە و حكوومەتەكەی سوورە لەسەر ئاسانكاری بۆ هەموو وەبەرهێنەران. 

ئاماژەی كرد، پێویستە وەزیرانی حكوومەت گرنگی زۆر بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بدەن، بەمەبەستی دابینكردنی هەلی كار و ئاوەدانكردنەوە و كاراكردنی هەموو كەرتە گرنگەكان.

شایەنی باسە لە ماوەی دواییدا ئەندامانی سوننە و شیعەی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینە و دوور لە رێككەوتن لەگەڵ كورد، یاسای قەرزكردنی حكوومەتیان لە پەرلەمان تێپەڕاند، لە یاساكە بڕگەی پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان لەو قەرزە دواخرا، ئەوەیش كاردانەوەی ناڕەزایەتی كوردی لێ كەوتەوە، كە بووە هۆی بێبەشكردنی فەرمانبەرانی هەرێم لەو بڕە پارەی بۆ مووچەی ئەوان دەهات.  
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل