له‌گه‌ڵ مردنی مارادۆنا پاڵه‌وانی جیهانیی، ته‌واوی هاووڵاتییانی ئه‌رجه‌نتین بۆ رۆحی ئه‌و پاڵه‌وانه ده‌گرین، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یش بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ پرسه راده‌گه‌یه‌نێت.
پێگه‌ی "
ئیلاف" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 26ی تشرینی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، نیوه‌شه‌وی دوێنێ چوارشه‌م ته‌رمی مارادۆنا گه‌یشته كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌رجه‌نتین، مه‌به‌ست لێی بۆ ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژ ته‌رمه‌كه له سه‌رۆكایه‌تی بمێنێت تا هاووڵاتییان و كه‌سوكاره‌كه‌ی، بۆ دواجار ته‌ماشای پاڵه‌وانه‌كه‌یان بكه‌ن و ماڵئاوایی لێ بكه‌ن.
مارادۆنا له ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. سه‌رۆكی ئه‌رجه‌نتین ئێلبرتۆ فرناندیس راسته‌وخۆ رای گه‌یاند، بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ پرسه‌ی بۆ داده‌نرێت، جیا له‌و رۆژه‌ی له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌مێنێته‌وه. واته له پێنجشه‌مه‌وه پرسه‌كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات.
هاوسه‌ری پێشووی ئه‌و پاڵه‌وانه كڵاودیا فیافانی و كچه‌كانی دالما و جانینیا، نیوه‌شه‌وی رابردوو گه‌یشتنه كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی، هاوكات ژماره‌یه‌كی زۆر له یاریزانان و هاوڕێكانی به‌هه‌مانشێوه گه‌یشتنه سه‌رۆكایه‌تی، هه‌موو كاسی جیهانیی ساڵی 1986یان له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی مارادۆنا به‌رز كرده‌وه.
له ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی، جه‌ماوه‌رێكی زۆر ئاماده بوون و به نۆره وه‌ستابوون، سڵاویان بۆ رۆحی مارادۆنا ده‌نارد كه پێیان وایه ئه‌فسانه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی دنیا و ئه‌رجه‌نتینه.
دیۆگۆ مارادۆنا ئه‌مشه‌و 25ی تشرینی دووه‌م، له‌ناو ماڵی خۆی به نه‌خۆشیی جه‌ڵته‌ی دڵ له ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
ماڵپه‌ڕی ''rt'' ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه مه‌رادۆنای ئه‌فسانه‌ی ئه‌رجه‌نتین به‌هۆی نه‌خۆشیی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه له تیگرێ له‌ناو ماڵی خۆیدا له ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا هه‌واداران و خێزانه‌كه‌ی جێهێشت و كۆچی دوایی كرد.
دیگۆ مارادۆنا ناوی ته‌واوی دیێگۆ ئه‌رماندۆ مارادۆنا له 30ـی ئۆكتۆبه‌ری 1960 له لانۆس، بۆینس ئایرس له ئه‌رجه‌نتین له دایك بووه، ئه‌و یاریزانی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتین بووه، زۆرترین كاریگه‌ریی ھه‌بووه له مێژووی تۆپی پێدا، به‌شێكی زۆر له وه‌رزشدۆستان ئه‌و یاریزانه به باشترین یاریزانی تۆپی پێی مێژوویی له دنیادا ده‌زانن، مارادۆنا یاری بۆ ھه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتین و یانه‌كانی ئه‌رجه‌نتینۆس جۆینه‌ر و بۆكا جۆنیوز و بارسێلۆنا و ناپۆلی و سیڤیلا و نیو ئیل ئۆڵد بۆیس كردووه. به‌ڵام به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه له ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه.