لیژنەی كاروباری شەهیدان: وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین

:: PM:08:53:26/11/2020 ‌

 لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان لەو زەویانە دەكۆڵێتەوە كە بەناوی كەسوكاری شەهیدانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەرخان كراوە و مامەڵەی بازرگانیان پێوە كراوە، هاوكات بۆ روونكردەوەی چاكسازی لە لیستی مووچەی شەهیدان و دابەشكردنی كەلوپەلی كۆن لەلایەن رێكخراوەكانەوە، وەزیری شەهیدان دێننە پەرلەمانی كوردستان.
زەوی بۆ كەسوكای شەهیدان تەرخان كراوە و بازرگانی پێوە دەكرێت
 سەوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، لەسەر ئاگاداركردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و  پەرلەمانتارێك، كە پێشتر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانیان لێ ئاگادار كردەوە و بڕیار بوو تەنیا لیژنەی شارەوانی بەدواداچوون بكات، لەمڕۆوە بڕیارمان دا بەدواداچوون بۆ ئەو زەویانە بكەین كە لە سنووری سلێمانی و راپەڕین بەناوی كەسوكاری شەهیدانەوە مامەڵەیان پێوە كراوە.

زیاتر گوتی، ئَێمە ناتوانین تەواوی زانیارییەكان ئاشكرا بكەین، بەڵام لەو سنوورەی كە باسم كرد، زەوی بۆ كەسوكای شەهیدان تەرخان كرا و بازرگانی پێوە كراوە، دووپاتی كردەوە، بەشێوەی نایاسای مامەڵەی پێوە كراوە و بەناوی كەسوكاری شەهیدانەوە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بۆ بابەتی چاكسازی و پاكسازی لە لیستی شەهیدان و دابەشكردنی كەلوپەل بەسەر كەسوكاری شەهیدان، كە هەندێك رێكخراو كەلوپەلی نەشیاو و كۆنیان بەسەر كەسوكای شەهیدان دابەش كردووە بەناوی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و حكوومەتەوە، بڕیارمان داوە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان بانگهێشتی پەلەمای كودستان بكەین.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل