سبەی خوێندن دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: AM:09:01:28/11/2020 ‌
بڕیارە سبەی خوێندن لە كەركووك دەست پێ‌ بكاتەوە و سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیش دەڵێت، ئەو سیستمە كەلێنی زۆرە و چاوەڕوان دەكرێت هێندە بەردەوام نەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، عەلی جەبار سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە سنووری كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی پلانەكەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، سبەی خوێندن لە سەرانسەری عێراق دەست پێ‌ دەكاتەوە.

لە هەفتەیەكدا تەنیا رۆژێك دەچێتەوە ناو قوتابخانە 
ئەو سەرپەرشتیارە گوتی، بەپێی پلانەكە هەر پۆلێكی خوێندن لە هەفتەیەكدا تەنیا رۆژێك دەچێتەوە ناو قوتابخانە، رۆژانی تر بە ئۆنڵاین وانەكانیان دەخوێنن.

باسی لەوەش كرد، خشتەكە بەشێوەیەك دانراوە كە رۆژی شەموو بۆ پۆلی یەكە، یەكشەم بۆ پۆلی دووە، دووشەم بۆ پۆلی سێیە، سێشەم بۆ پۆلی چوارە، چوارشەم بۆ پۆلی پێنجە و پێنجشەم بۆ پۆلی شەشە تا لەناو قوتابخانە بخوێنن.

ڕوونی كردەوە، ئەو شێوازی دەستپێكردنەوەی دەوام كێشەی زۆری هەیە و لە داهاتوو هەستی پێ‌ دەكرێت.

پێشتر شێرزاد ڕەشید سەرپەرشتی خوێندنی كوردی لە كەركووك لە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ "وشە" ڕای گەیاندبوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كردووین و بڕی 260 ملیۆن دیناری بۆ دابین كردووین تا دەست بە خوێندن بكرێتەوە.




وشە - رامیار جەواد