زانیاری نوێ‌ لەسەر هۆكاری ڕاگرتنی بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنرێت

:: AM:08:57:30/11/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەشێك لە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا پێوەندی بە بیركردنەوەی سەدامی بەعس هەیە و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی دارایی و مووچە و بودجە نییە، بەڵكو كێشەی سیاسی و نەتەوەیی و دەستوورییە.

ئەمڕۆ دووشەم 30ـی تشرینی دووەم، وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لە ئەنجامی بیركردنەوەی كەسانێكە لە سەردەمی بەعس هەمان بیركردنەوەیان هەبوو.

دەبێت لەو راستییەش حاڵی بین كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی دارایی و مووچە و بودجە نییە، بەڵكو كێشەی سیاسی و نەتەوەیی و دەستوورییە
زیاتر گوتی، راستە ئێستە هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی سەختی ئابووریدا گوزەر دەكات، بەڵام دەبێت لەو راستییەش حاڵی بین كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی دارایی و مووچە و بودجە نییە، بەڵكو كێشەی سیاسی و نەتەوەیی و دەستوورییە.

باسی لەوەش كرد، ئەو هەنگاوانەی لە ماوەی رابردوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرهەق بە هەرێمی كوردستان پێرەو كران، بەئاشكرا پێچەوانەی دەستوور و سیستمی سازان و هاوبەشی بوون.

ڕوونی كردەوە، هۆكارەكان ئاشكرایە دەیانەوێ ئیرادەی تاكی كورد بشكێنن و بە پرسی دارایی سەرقاڵمان بكەن، لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دوورمان بخەنەوە، بۆیەش گرنگە بەرگەی سەختییەكان بگرین و بەئیرادەی پۆڵاین رووبەڕووی سەختییەكان ببینەوە، چونكە مێژوو سەلماندوویەتی هیچ كات گەلی كوردستان ژیانی زەلیل و ژێردەستەیی قبووڵ ناكات و رۆژە سەختەكانیش تێدەپەڕن.

لەبارەی دواین هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ چارەسەری كێشەكان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی گفتوگۆكردنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، بەجۆرێك سازش لەسەر مافە دەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان نەكرێت.




وشە - رامیار جەواد