"كۆتایی ئەمساڵ دوو سایلۆی گەورە دەكرێنەوە"

:: PM:03:42:30/11/2020 ‌
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەكالەت لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، كۆتایی ئەمساڵ دوو سایلۆی گەورە تەواو دەبن و دەكرێنەوە، ساڵی داهاتوو دەتوانرێت بڕی یەك ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت، ئەوەیش دەبێتە هاندانێكی باش و جووڵەیەكیش لە بەغدا هەیە كە پارەی سێ‌ ساڵی گەنمی جووتیاران بنێرن.
 
حكوومەت پڕۆژەیەكی ڕاگەیاند بۆ كڕینەوەی گەنمی ساڵی 2021ـی جووتیاران ئەو پڕۆژەیە هیچ ئامادەكارییەكی بۆ كراوە؟
جێی دڵخۆشییە ئەو پڕۆژەیە وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت، جووتیاران دەتوانن ساڵانە بە ئاسانی گەنمی بەرهەمهێنراویان ساخ بكەنەوە و هیچ كێشەیەكیان نەبێت، ئەویش دەبێتە هاندانێكی بۆ ئەوەی زیاتر گەنم بەرهەم بهێنن بە كوالێتی باشتر، ئامادەكارییەكانیش زۆر باش پێش چوونە و كۆتایی ئەمساڵ دوو گەورە سایلۆ لە هەولێر و دهۆك دەكرێنەوە، لە شارەكانی تریش دروستكردنی سایلۆ بەردەوامی هەیە.

تاكە كێشەی جووتیاران وەرگرتنی پارەی گەنمیانە لە كاتی ڕادەستكردنیان بە حكوومەت، ئایا ئەو كێشەیە لە پڕۆژەكە چارەسەر كراوە؟
هەموو هەوڵێك دراوە ئەو پارەیەی هەقی جووتیارانە پێیان بدرێت، عێراق پارەی سێ‌ ساڵی گەنمی جووتیاران قەرزدارە و نەیداوە، بۆ پڕۆژەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دراوە كێشە لە دانی پارە نەبێت، هەروەها ئێستە جووڵەیەكی باش هەیە لە بەغدا پارەی ئەو سێ‌ ساڵە بە جووتیاران بدەن، پێشتر هیچ نیازێك نەبوو، ئێستە جووڵەیەك هەیە و بە هەقی جووتیارانی كوردستانی دەزانن.

بۆ ساڵی داهاتوو ڕێژەی وەرگرتن چۆن دەبێت و ئاستی بەرهەمهێنانیش چۆن دەبێت؟
پێشبینی دەكرێت جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021 بڕی گەنمی بەرهەمهێنراویان بریتی بێت لە دوو ملیۆن تۆن، ئەو پڕۆژەیەی ڕاگەیەنراوە یەك ملیۆن تۆن گەنم وەردەگرێت، نزیكەی بەشێكی زۆریش لەناوخۆ دەكرێتەوە ئارد و بەرهەمەكانی تر، بۆیە كێشە لە مانەوەی گەنم دروست نابێت.

ماوەی مانگی جارێك بڕە پارەیەك دێت و زۆر كەمە، ئەوە بۆچی و پارەی چ ساڵێكە؟
ستەمێكی زۆر لە جووتیاری هەرێمی كوردستان دەكرێت و ئەو پارەیەی دێت تەنیا بۆ ساڵی 2020ـە، تا ئێستە نزیك 21٪ی شایستە داراییەكانی جووتیاران هاتووە، ئەمساڵ گەنمیان ڕادەستی حكوومەتی عێراق كردووە.

لەبارەی ئاستی ئێستەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان كێشە هەیە و هەمیشە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان زیاتر بەرهەم دەهێنێت، ئەوە چۆن دابەش كراوە؟
ئێستە سایلۆی هەولێر لە توانایدایە 140 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، لە هەمان كاتدا بۆ سەری ساڵ سایلۆی دووەم لە هەولێر تەواو بێت لە نزیك شارەدێی قوشتەپەیە، ئەویش توانای هەڵگرتنی 60 هەزار تۆن گەنمی هەیە، واتە هەولێر دەتوانێ 200 هەزار تۆن گەنم بەشێوەیەكی زانستی هەڵبگرێت بەبێ‌ بوونی هیچ كێشەیەك.
 
ئاستی چاندن لە هەرێمی كوردستان چەندە و ڕێژەكان زیاد بوونە؟
ئێستە وەرزی چاندنی گەنم لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە و ساڵانە ڕێژەكان بەرەو بەرزبوونەوەدایە، بەرهەمی جووتیاران زیاد دەكات، ئەوەیش مانای وایە كە جووتیاران ساڵانە زیاتر گرنگی بە بەرهەمەكانیان دەدەن.

ئەو شایستانە بە پچڕ پچڕی دێت، ئەوەی ئێستە هاتووە چەند قۆناغە؟
سَی قۆناغ لە شایستە داراییەكان هاتووە، قۆناغی دووەمی شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵی 2020 كە بڕی هەشت ملیار و 85 ملیۆن دینار بوو، دواین قۆناغیش ئەو هەفتەیە دابەشی دەكەین كە بڕی سێ‌ ملیار و چەند ملیۆنێكە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان.

هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی تەواوی شایستەكان وەربگیرێن؟
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی هەوڵەكانی بۆ ئەم مەبەستە چڕ كردووە، تا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ جووتیاران وەربگیرێت.




وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 114 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌