عێراق.. ناكۆكیی ناو ماڵی سوننە بووەتە هۆكاری بەهێزبوونی فەرمانڕەوایەتی شیعە

:: PM:07:19:30/11/2020 ‌

 تا دێ تەنگژەكانی عێراق زیاتر دەبن، ئێستە تەنگژەیەكی قووڵی سیاسی و كێبەركێی هێز و حزبەكان بە جیاوازی مەزەو و پێكهاتە هەیە، هاوكات ناكۆكیی ناو ماڵی سوننە بووتە هۆكاری زاڵبوونی زیاتری شیعە و جێبەجێكردنی ئەجیندای میلیشیاكان لە عێراق.
چەندان كەسی سوننە چوونەتە ریزی میلیشیا شیعەكانەوە
 ئارەزوو مەحموود، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پەلەمانی عێراق بە"وشە"ی راگەیاند، ناكۆكیی نێوان سوننە، وەك بابەتێكی حاشاهەڵنەگر بەدی دەكرێ و بوونی هەیە، ئەوان لەسەر زۆر پرس هاوشێوەی پێشتر كۆك نین، ئەوەیش رەنگدانەوەی لەسە ئەو پێكهاتە هەبووە.

 محەمەد عوسمان، وەك پەلەمانتارێكی سوننە بۆ "وشە" نەیشاردەوە كە ئەو ناكۆكییانە ساڵانێكە لەناو ماڵی سوننەدا هەن و رەنگدانەوەی لەسەریان هەبووە لەبارەی بڕیارە چارنووسسازەكان و پێشهاتە سیاسییەكانەوە و هیوای خواست ئەو بابەتە درێژە نەكێشێت.

لای خۆیەوە ئارام ئەحمەد، وەك چاودێر بە پشتبەستن بە گوتاری سوننە، بۆ"وشە" باسی لەوە كرد، پێشتر سوننە لەسەر كۆی پرسەكان یەكدەنگ بوون، بەڵام بەشێكیان وەك محەمەد حەبلوسی، سەرۆكی پەرلەمان و چەند كەسێكی تریان لە شیعە نزیك بوونەتەوە، هۆكارەكەیشی بۆ دەسكەوتی تایبەتی بەشێك لەو پەرلەمانتارانە دەگەڕێتەوە.

 ئەگەر چی تا ساڵی رابردوو سوننە دژی حكوومەتی عێراق دەوەستایەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و هێنانی عەرەبی باشووری عێراق بۆ ناوچەكانیان، بەڵام ئێستە بێ دەنگن، حەیدەر فازڵ، بەڕێوەبەری نووسینگەی گەرمیانی مافی مرۆڤ، بۆ "وشە" پێداگری كرد، زۆركردن لە ئاوارەكان كارێكی قبووڵكراو نییە و دژی بنەماكانی مافی مرڤە.

 "وشە" ئەوەی زانیوە كە بە مەبەستی نەهێشتنی پشتیوانیكردنیان بۆ حەشدی هۆزە سوننەكان، میلیشیا شیعەكان بۆ پتەوكردنی پێگەی خۆیان، سوننە دەكەن بە چەكداری خۆیان، مەحموود دەلۆ، كارگێڕی لیژنەی ناوچەی گوڵاڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ"وشە" نموونەی گوڵاڵەی هێنایەوە كە چەندان كەسی سوننە مەزەو تا دەگاتە هاوكارانی دوێنێی داعش، خزاونەتە ناو میلیشیاكانەوە .

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل