ژنێك سەریان بڕی و پارچە پارچەشیان كرد

:: AM:08:37:01/12/2020 ‌
لە شارێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی گومان لە بوونی پێوەندی لەگەڵ گەنجێك ژنێكی تەمەن /31 ساڵ/ لە لایەن بنەماڵەكەی سەریان بڕی و پارچە پارچەیان كرد.

ئەمڕۆ سێشەم یەكی كانوونی یەكەم، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردووەتەوە، ژنێكی لاوی بە ناوی "سەرگوڵ حەبیبی" تەمەن /31 ساڵ/ لە گوندی سوورازە كە چەند كیلۆمەترێك لەشاری سنە هەڵكەوتووە، بە پاساوی نامووسەوە بە شێوەیەكی بێبەزەیییانە سەریان بڕی و پارچە پارچەیان كرد.

ڕوون كراوەتەوە، سەرگوڵ حەبیبی بە ڕەچەڵەك خەڵكی گوندی توارمەڵای سەر بە شارۆكەی كەلاتەرزان و دانیشتووی شاری سنەیە و دایكی دوو مناڵی ساوا بووە.

ئەو ژنە ماوەیەك بەر لە ئێستە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ لاوێك لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی گەڕەكەكەوە دەستبەسەر كرابوو 
باس لەوە كراوە، ئەو ژنە ماوەیەك بەر لە ئێستە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ لاوێك لە لایەن هێزەكانی پۆلیسی گەڕەكەكەوە دەستبەسەر كرابوو، بەڵام هەردووكیان پاش ڕۆژێك ئازاد كرابوون.

تەرمی سەرگوڵ حەبیبی دوێنێ‌ لە گۆڕستان محەمەدیی شاری سنە و لە بێدەنگیی تەواوی ڕاگەیاندنەكان و بە بێ بە ڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێكی پرسە و سەرەخۆشی بە خاك سپێردرا، هەروەها هیچ لە براكانی ئەم ژنە ڕووبەڕووی هیچ بەدواداچوون و سزایەكی یاسایی نەبوونەتەوە. 




وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 1511 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌