"گومان دەكرێت لە تەوالێتی مزگەوتێكی سلێمانی كاری بەدڕەوشتی كرابێت"

:: PM:07:28:15/12/2020 ‌
بەپێی هەندێك زانیاری تەوالێتی یەكێك لە مزگەوتەكانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی لە لایەن ژنان و كچانی بیانی بەكارهێنراوە كە گومان دەكرێت كاری بەدڕەوشتی تێدا كرابێت، ئەوقافی سلێمانیش دەڵێت، بەدواداچوون دەكەین و لێكۆڵینەوەمان دەست پێ كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بە "وشە"دراون، لە ماوەی رابردوو لە تەوالێتی مزگەوتەدا چەندجارێك ژن و كچی بیانی بینراون كە گومانی كاری بەدڕەوشتیان لێدەكرێت لەوێ كرابێت، بەڵام كاربەدەستانی ئەوقافی شارەكە بە گوتەی خۆیان رەتی دەكەنەوە.

بەپێی گوتەی مامۆستای مزگەوتەكە نەیانبینیوە ئەو كارە بكرێت، بەڵام نەیشاردەوە كە لە دەوروبەری مزگەوتەكە كەسانی خراپ و ژنی بیانی لێیە و ئاگادارن جموجوڵی لەو شێوەیەن هەیە و خەڵك بە باشیان نازانێت.

روونیشى كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر چوبێتنە ناو تەوالێتی مزگەوتەكان و ئەو كارانەیان كردبێت ئەوە تەنیا لە كامێراكانی چاودێری دەردەكەوێت.

"وشە" ئەوەشی زانیوە هەندێك ژنی بیانی لە دەوروبەری مزگەوتەكەدا هەن و ِهاووڵاتییانیش باسیان لەوەكردووە كە ئەوانە كەسانی خراپن لەو سنوورە و خەڵكی بەباشیان نازانێت و پێشتر كاری بەدڕەوشتییان كردووە.

ئاكۆ حەسەن، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ناچێتە ئەقڵی كەسمان كە لە ناو مزگەوت ئەو كارە كرابێت، بەمەبەستی بەكارهێنانی تەوالێتەكانیش بۆ ئەو كارە بەدڕەوشتییە لێكۆڵینەوەی تەواو دەكەین و پابەندی پاراستنی پیرۆزی مزگەوتەكە دەبین.


وشە - وشه‌