به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و پێوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی سلێمانی ڕای گه‌یاند، له‌سه‌ر فێڵكردن له دوو پیاوی سلێمانی، ژنێكی عه‌ره‌ب گیراوه كه بڕی 12 هه‌زار دۆلاری وه‌رگرتووه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 27ی كانوونی یه‌كه‌م، سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و پێوه‌ندییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ئاماری تاوانه‌كانی له‌و شاره ڕاگه‌یاند و گوتی، له ساڵی 2020 حاڵه‌ته‌كانی كوشتن له سلێمانی زیادی كردووه.
ژنه‌كه له‌سه‌ر سكاڵای ئه‌و دوو پیاوه گیراوه
به‌رپرسه‌كه‌ی پۆلیسی سلێمانی گوتی، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ژنێكی عه‌ره‌بیان گرتووه كه فێڵی له دوو پیاو كردووه، له هه‌ریه‌كه‌یان بڕی 12 هه‌زار دۆلار (به‌زمانی بازاڕ له هه‌ر پیاوێكیان 120 وه‌ره‌قه)ی وه‌رگرتووه، پێی گوتوون كه له به‌غدا دایانده‌مه‌زرێنێ.
ڕوونیشی كرده‌وه كه ژنه‌كه له‌سه‌ر سكاڵای ئه‌و دوو پیاوه گیراوه و ئێسته له لێكۆڵینه‌وه‌دایه.
گرتنی ئه‌و ژنانه له‌كاتێكدایه كه به‌گوته‌ی سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، ماوه‌یه‌كه فێڵكردن له سنووری سلێمانی ڕووی له زیادبوون كردووه.