رۆژنامەكان ئاگایان لێ نییە.. میسی شەش مانگە گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە نوێ كردووەتەوە

:: PM:01:03:22/02/2017 ‌

ئەستێرەیەكی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە رۆژنامەكان بێ ئاگان و ماوەی شەش مانگە سەرۆكایەتیی یانەكە گرێبەستی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی نوێ كردووەتەوە.

هریستۆ ستۆیشكۆفی ئەستێرەی بولگاری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە میسی 6 مانگ پێش ئێستا گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئیمزا كردووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە بەشێكی زۆری رۆژنامە جیهانییەكان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی میسی سەرقاڵن و تەنانەت هەندێكیش باس لەوە دەكەن كە ئەو یاریزانە بۆ وەرزی داهاتوو لە بەرشەلۆنە نامێنێ و روو لە خولی نایابی ئینگلیزی و مانچستەر سیتی دەكات.

گرێبەستە كۆنەكەی میسی لە هاوینی 2018 بەكۆتا دێت، بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێ گرێبەستی ئەو باشترین یاریزانەی جیهان تا 2021 درێژ بكاتەوە.

ستۆیشكۆف داواشی لە هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە كرد لە هاندانی تیپەكەیان بەردەوامبن بۆ ئەوەی ناسناو و دەستكەوتی گەورە بەدەست بێن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەكە ئەمساڵ بە دۆخێكی خراپدا تێپەڕ دەبێت و نزیكە لە قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ماڵئاوایی بكات دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە 4 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕابوو، لە خولی پلە یەكی ئیسپانیاش بە 51 خاڵ لە ریزی دووەمی یانەكان دێت دوای یانەی ریال مەدرید كە 52 خاڵی هەیە و 2 یاریی دواخراویشی هەیە.

جێی باسە  ستۆیشكۆف لەنێوان ساڵانی 1990 تا 1995 و دواتریش لە 1996 تا 1998 یاریی بۆ یانەی بەرشەلۆنە كردبوو و بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی ئەو یانەیە دادەنرێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م