پیاوێك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی خێزانەكەی دەكات

:: PM:07:40:04/01/2021 ‌

رۆژنامەی فەرمی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق رای گەیاند كە پیاوێك هەڕەشەی لە خێزانەكەی كردووە بەوەی ئەگەر بڕی پێنج ملیۆن دیناری پێ نەدات، وێنە كەسییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكاتەوە.
تەنیا دوو مانگە شووی كردووە
رۆژنامەی "قەزا" لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەم بڵاوی كردەوە (حەنان)، رووبەڕووی هەوڵێكی دەستبڕینی ئەلیكترۆنی بووەتەوە و كەسێك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە ئەگەر بڕی پێنج ملیۆن دیناری پێ نەدات، بەرانبەر بە سڕینەوەیان و بڵاو نەكردنەوەیان، ئەوەی سەیرە ئەو كەسە هاوسەرەكەیەتی.

ئەو ژنە لەبەردەم دادوەری دادگای تاوانەكانی قادسییە دەڵێت، پێشبینی ئەوەم نەدەكرد رۆژێك هاوسەری شەرعی و یاساییم ئەو كارە قێزەوەنە بكات، كاتێك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانمی كردووە، كە پێشتر لە ژووری نوستن و لە ماوەی هاوسەرگیریدا گرتبووم. 

حەنان روونی كردەوە، هاوسەرەكەم هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانمی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە ئەگەر پێنج ملیۆن دیناری پێ نەدەم، لەوكاتەی تەنیا دوو مانگە شووم پێی كردووە و بەهۆی ناكۆكییەوە ماڵەكەیم جێهێشتووە، دوای چەند رۆژێك لەوە هاوسەرەكەی ئەو هەڕەشەی لێ كردووە، من داوام لە كەسوكاری كرد كە كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن، بۆیە دوای گفتوگۆ بڕە پارەكە بۆ سێ ملیۆن كەم كرایەوە، بەوەی بە دوو وەجبە پارەكەی پێ بدەم و دووەم وەجبە دوای سڕینەوەی وێنەكان بێت.

لە كۆتادا ئەو ژنە لە دادگا سكاڵای لەسەر كردووە و بە بەڵگە تەشهیر و هەڕەشەكانی سەلماندووە، بۆیە دادگا بەپێی مادەی 430ی سزاكان بڕیاری گرتنی سووكی بۆ ماوەی ساڵێك بۆ بڕیوەتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل