ئەستێرە غازی کار لەسەر بوتڵی شوشە دەکات

:: PM:05:52:08/01/2021 ‌
شێوەکار ئەستێرە غازی تەمەنی 24 ساڵ دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، ماوەی چوار ساڵە دەستی بە کاری هونەری کردووە.

ئەستێرە غازی ماوەی ساڵێکە دەستی کردووە بە پڕۆژەیەکی هونەری لە خزمەتی ژینگەدا ئەوه‌یش کارکردنە لەسەر بوتڵی شووشە، بەم کارە دەیەوێت دوو ئامانج بپێکێت، یەکەمیان دروستکردنی کولتوورە، دووەمیان بەردەوامبوونه‌ بە کولتوور، لێرەدا دەیەوێت کولتوورێک دروست بکات، ئەوه‌یش پاراستنی ژینگە و فڕێنەدانی کۆمەڵێک شتە کە دەکرێت لە داهاتوودا بەکاریان بهێنینەوە سوودیان لێ ببینین.

ئەستێرە غازی لە دیدارێکی تایبەت بە "وشە" باسی لە کارەکانی خۆی کرد و گوتی، من دەمەوێت کە پەرە بە ئاماژه‌ مێژوویە کوردییەکان بدەم و گرنگیان پێ بدەم، لە کارە هونەرییەکانمدا دەمەوێت بەردەوامی بە کولتوور و مێژووی کورد بدەم و لە ڕێی کارە هونەرییەکانمەوە پێشانی خەڵکی بدەم، ئەمەیش وادەکات زیاتر کارەکان سەرنجی میللەتانی تر و خەڵکی بیانی ڕابکێشن بۆ ئەوەی ئاشنای مێژووی میللەتی کورد ببن، ئەوەی گرنگە بەلامەوە ناساندنی ئەم مێژووە ڕەسەنەی کوردە کە 2500 ساڵ بەر لە ئێسته‌وە بۆمان ماوەتەوە دەیان ئاسەواری کوردیمان هەیە کە دەکرێت ئێمە سوودیان لێ ببینین وە نەهێڵین مێژووی نەتەوەکەمان بزر ببێت.

هەروەها ئەستێرە ڕوونى كرده‌وه‌، من هەوڵمداوە لە کارە هونەرییەکانمدا زۆر گرنگی بە ژینگە بدەم، وەکو ستایلێکی هونەری کاری تێدابکەم، کارکردن لە هونەری مۆدێرن یان هونەری بینراو وەک ڤیدیۆ ئارت و بەدی ئارت، پێم وایە هونەرمەند بەرپرسیارە لە گۆڕینی کۆمەڵگه‌ و دروستکردنی کولتووری جوانتر و باشتر کە ببێتە هۆی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگه‌ و مرۆڤایەتی و دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە ژینگە لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمان لە سروشتەوە هاتووین و بۆ سروشت دەگەڕێینەوە.

هەولێر/ پەریهان عومەر 


















وشە - محەمەد میران