هەرێمی کوردستان.. نرخی گورگ گەیشتووەتە چوار هەزار دۆلار

:: AM:10:47:09/01/2021 ‌
گورگ لەلایەن چەندان هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بەخێو دەكرێت، ئێستە كڕین و فرۆشتنیشی پێوە دەكرێت، نرخی گورگێكی مێیەی نزیك بەچكەبوون دەگاتە چوار هەزار دۆلار.

عومەر حەسەن هاووڵاتییەكی سنووری پشدەرە بەخێوکەری گورگە، بڕیاری فرۆشتنی سێ‌ گورگی داوە، بە گوتەی خۆی گورگێكیان نرخی دەگاتە چوار هەزار دۆلاری ئەمەریكی، ئەوەیش بەهۆی نزیكبوونەوە لە لەدایكبوونی بەچكەكانیەتی.

هاوشێوەی سەگە بۆ پاراستنی ئاژەڵەكانی تر و ڕۆڵ دەبینێت
ئەو هاووڵاتییە بۆ "وشە" گوتی، گورگی كوردستان جۆرێكی ڕەسەنە و چەندان تایبەتمەندی هەیە، كاتێك ماڵی دەكرێت، هاوشێوەی سەگە بۆ پاراستنی ئاژەڵەكانی تر و ڕۆڵ دەبینێت.

باسی لەوەش كرد، ماوەی نۆ ساڵە لە كوێستانەكان  گورگ بەخێو دەكات و تا ئێستە گورگەكانی پەلاماری هیچ ئاژەڵێكیان نەداوە، بۆ خەڵكی تریش زۆر دڕەندەیە و ناهێڵێت كەس لێی نزیك بێتەوە، ئەگەر ئەو ترسەی هاووڵاتییانیش لەو ئاژەڵە نەبێت، ئەوا دەتوانرێ وەك هەر ئاژەڵێكی تر دوای ماڵیكردنی یاری لەگەڵ بكرێت.

ڕوونی كردەوە، ئێستە سێ‌ گورگی هەیە و ماڵی كراون، بەنیازە دوانیان بفرۆشێت و یەكێكیان كاتی ئەوەیە بزێت، كڕیاریشی هەیە بە نزیكەی چوار هەزار دۆلار.




وشە - رامیار جەواد