خشتەی ئەو مووچانە بڵاو كرایەوە كە دابەش كراون

:: PM:12:03:09/01/2021 ‌
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، خشتەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە ماوەی ساڵی 2020 بڵاو كردووەتەوە. بەپێی خشتەكە، ئەو پارەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچە دابینی كردووە، 63.8٪ـە و ئەوەی حكوومەتی عێراقیش 36.1٪ـی كۆی گشتیی مووچەی دابین كردووە.

ئەمڕۆ شەموو نۆی كانوونی دووەم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی سەرجەم ئەو مووچانەی بڵاو كردووەتەوە لە ساڵی 2020 دابەش كراون، بەپێی خشتەكە ئەو پارەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچە دابینی كردووە، 63.8٪ـە و ئەوەی حكوومەتی عێراقیش 36.1٪ـی كۆی گشتیی مووچەی دابین كردووە.

ڕوون كراوەتەوە، حكوومەت لە 13ـی كانوونی یەكەم، نۆی شوبات، نۆی ئادار، چواری ئایار، 27ـی حوزەیران، 18ـی ئاب، 15ـی تشرینی یەكەم و سێی كانوونی دووەم مووچەی دابەش كردووە، واتا لە ساڵی 2020، هەشت مووچەی داوە. 

ئەو فەرمانگەیە ئاشكرای كردووە، بڕی بڕینی 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار لە مانگەكانی: كانوونی دووەم، شوبات، ئادار و نیسان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە بۆ قەرزی بانكە ئەهلییەكان بڕاوە.

ئەوەیش باس كراوە حكوومەتی فیدراڵی بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، كە دابەش كراوە بەسەر خانەی چوار و پێنجەم بۆ پێدانی دوو مووچە، بەڵام لە مانگەكانی (5-6-7-10-11-12) حكوومەتی فیدراڵی هیچ بڕە پارەیەكی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەناردووە.

لەبارەی كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ مووچە خەرج كراوە لە ساڵی 2020، شەش تریلیۆن و 505 ملیار و 988 ملیۆن و 307 هەزار و 176 دیناری عێراقی بووە.



وشە - رامیار جەواد