خواردنەوە بێ شەكرەكان تا چەند تەندروستن؟

:: PM:07:03:09/01/2021 ‌

نەخۆشی شەكرە دوو جۆری هەیە، یەكەمیان پێوەستە بە بۆماوە و مرۆڤ لە منداڵییەوە ئەگەری تووشبوونی هەیە، دووەم پێوەستە بە بەرهەم نەهێنانی بڕی پێویستی ئەنسۆلین لەلایەن پەنكریاسەوە یان بوونی بەرگری بۆ كاری ئەنسۆلینەكە و رێگری لە كاركردنی، توێژینەوەیەك باسی كاریگەری خواردنەوە بێ شەكرەكان بۆ سەر ئەگەری تووشبوون بە شەكرە دەكات.

د. ئیان برایسویت، سەرۆكی جێبەجێكار و هاوبەشێكی دامەزرێنەری كۆمپانیای " Habitual"، ئاماژەی كرد، رەنگە خواردنەوەكانی بێشەكر وا دەربكەون كە تەندروستن، بەڵام زۆرجار ئەوانە شیرینكەری جگە لە شەكریان تیادایە، وەك سۆدای دایت، دەكرێت وا دەركەون تەندروست بن بەهۆی ئەوەی كالۆریان تیادا نییە.
میوە باشترین شوێنگرەوەیە
ئەو پزیشكە چەند توێژینەوەیەك دەكاتە بەڵگە بەوەی شیرینكەری وەك سوكرالۆز، رەنگە مەترسی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە زیاد بكات، جگە لە زیادكردنی كێش و نەخۆشییەكانی میتابۆلیسم، توێژینەوەكان دەری دەخەن ئەوكەسانەی جێگرەوەی شەكر بەكاردێنن، پەنا بۆ زۆرخۆری لە ژەمەكان دەبەن.

ئەو پزیشكە رێنوێنی دەدات بەوەی ئەگەر هەوڵی كەمكردنەوەی خواردنی شەكر دەدەی و ناتوانی شوكولاتە یان شیرینی نەخۆیت، تەنیا لە چەند رۆژێكدا بیانخۆ، رۆژانی تر بەدوای شوێنگرەوە بگەڕێ وەك میوە، ئەگەر خواستێكی زۆرت هەبوو، راستە میوەیش سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام پێویستە لە شەكری فرەكتۆزی ناوی وریا بی و باشترە میوە بخۆی نەوەك شەربەتەكەی، كە هەروەها ریشاڵ و مادەی خۆراكی زۆری تیادایە.

شایانی باسە لە نیشانە باوەكانی تووشبوون بە شەكرە یان زیادبوونی رێژەی شەكرەی خوێن، زۆرمیزكردن بەتایبەتی شەوانە و هەستكردنی بەردەوام بە تێنوێتی و ماندووبوونی بەردەوام و كەمبوونەوەی نادیاری كێشی لەش و لێڵبینی.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل