دەیان حاڵەتی خۆكوشتن لە رۆژهەڵاتی كوردستان تۆمار دەكرێت

:: PM:08:14:09/01/2021 ‌

هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەژاری و خراپیی دۆخی بژێوی خەڵكی ئێران، راپۆرتێكی بواری مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ زیادبوونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات.
20%ی ئەوانەی خۆیان كوشتووە منداڵ و رواڵی ژێر 18 ساڵین
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی "هەنگاو" بۆ مافی مرۆڤ، لە ماوەی نێوان كانوونی دووەمی 2020 تا كانوونی دووەمی 2021 دا، 225 حاڵەتی خۆكوشتن لە شارە كوردییەكانی ئێران تۆمار كراوە، ماڵپەڕی "ئیران ئینتەرناشیۆنال"، ئاماژەی كردووە، 20%ی ئەوانەی خۆیان كوشتووە، واتە 45 كەس، منداڵ و رواڵ و لەژێر 18 ساڵیدا بوونە. 

راپۆرتەكە دەڵێت، لەنێوان ئەوانەی خۆیان كوشتووە، 103یان مێن و 122یان نێرن، ئەوانە لە چوار پارێزگان كە بریتین لە ئیلام و كوردستان و كرمانشا و ئازەربایجانی رۆژئاوا، زیاترین خۆكوشتنی منداڵان لە ئازەربایجان بووە كە 15 حاڵەتە، لە كوردستان 13 منداڵ و لە كرمانشا 11 و لە ئیلام شەش منداڵ.

بەپێی راپۆرتەكە هۆكاری خۆكوشتنی ئەوان بۆ ناكۆكی خێزانی و هەژاری و بێكاری و هۆكاری دەروونی و بەشوودانی بەزۆرە، كەسێكیش بەهۆكاری سیاسی لە زیندان خۆی كوشتووە، ئەوە لەوكاتەی ئێرانییەكان بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە كە ئەمەریكا دوای كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی، سزایەكی توندی ئابووری بەسەر ئێران سەپاند، هاوكات دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی دۆخەكە خراپتر بوو.

ئەوە لەوكاتەی لە 2019 ناڕەزایەتی فرەوان زۆرینەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە بەهۆی دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵكەكە، وای كرد دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە هەڵمەتێكی فرەوانی سەركوتكاری كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەپێی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی 304 كەس كوژران.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل