وه‌شانخانه‌ی په‌یك له ماوه‌ی ڕابردوودا، یه‌كه‌مین سێ كتێبی خۆی چاپ و بڵاو كرده‌وه؛ «ڕۆحه خۆڵه‌مێشییه‌كان»ی فیلیب كلۆودێل، «له‌باره‌ی ئابوورییه‌وه بۆ كچه‌كه‌م ده‌دوێم؛ كورته‌یه‌ك له مێژووی سه‌رمایه‌داری» و «له‌ناكاو له ده‌رگا ده‌درێت»ی ئێتگار كێرێت. ته‌واوی چاپكراوه‌كانی په‌یك مافی بڵاوكردنه‌وه‌یان به زمانی كوردی له نووسه‌ر یان ده‌زگای خاوه‌ن ماف وه‌رگیراوه. له چاوپێكه‌وتنێكدا "ژیوار جه‌وهه‌ر" وه‌ك هاودامەزرێنەر و بەڕێوبەری چاپ لە وەشانخانەی پەیك، چه‌ندان زانیاری له‌باره‌ی وه‌شانخانه‌ی په‌یك بۆ خوێنه‌رانی "وشه" ئاشكرای ده‌كات.
*وه‌شانی په‌یك كێن؟ بۆ ئه‌و ناوه هاته هه‌ڵبژاردن؟ ئامانجی كاره‌كانتان چی بوو و چۆن ده‌ستتان پێ كرد؟
وه‌شانخانه‌ی په‌یك له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكه‌وه دامه‌زراوه، هه‌نگاوه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌تره به ناوی په‌یك. چه‌ند ساڵێك پێش ئێسته «په‌یك بووكستۆر»مان ڕاگه‌یاند كه كتێبی ئۆریجناڵ به زمانه جیاوازه‌كانی دنیا له وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌هێنن بۆ خوێنه‌رانی باشووری كوردستان. له ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه‌دا، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كتێبی ئۆریجناڵمان گه‌یاندووه‌ته ده‌ستی خوێنه‌ران. په‌یك له زمانی كوردیدا به كه‌سێك ده‌گوترێت كه ئه‌مانه‌تێك یان نامه‌یه‌ك له كه‌سێكه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ كه‌سێكی تر، هه‌ستمان كرد ئه‌م ناوه له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌ی ئێمه‌دا باش ده‌گونجێت كه بیركردنه‌وه، مێژوو و خه‌یاڵه‌كانی كه‌سێك كه له‌سه‌ر كاغه‌زن، ده‌گوازینه‌وه بۆ لایه‌نی دووه‌م كه خوێنه‌ره.
*چه‌ند كتێبتان كردووه‌ته‌وه كوردی، كتێبه‌كان چین و باسی چی ده‌كه‌ن؟
ئێمه له مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو پڕۆژه‌ی وه‌شانخانه‌مان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه دواكه‌وت و یه‌كه‌مین وه‌جبه‌ی كتێبمان له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2020 چاپ و بڵاو كرده‌وه. وه‌شانخانه‌ی په‌یك ئێسته خاوه‌نی سێ كتێبی چاپكراوه له بواره جیاوازه‌كانی ڕۆمان، چیرۆك، ئابووری و فه‌لسه‌فه. یه‌كه‌م كتێب، «ڕۆحه خۆڵه‌مێشییه‌كان»ی نووسه‌ری ناوداری فڕه‌نسی فیلیب كلۆودێله، ئه‌و كتێبه له ژانری ڕۆمانه و سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی له فڕه‌نسییه‌وه كردوویه‌تی به كوردی. ڕۆحه خۆڵه‌مێشییه‌كان ڕۆمانێكه پڕ له ورده‌كاری، پڕ له كه‌سایه‌تی جیاواز و ڕووداوی ئاڵۆز. له ڕووی ژانریشه‌وه، دیسان ئه‌و فره‌ڕه‌هه‌ندییه ده‌بینرێ، هه‌م مێژووییه و هه‌میش پۆلیسی و ده‌روونناسییه. ئه‌گه‌رچی به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌م ڕۆمانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ زستانی ساڵی 1917 و یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕۆمانێك نییه له‌سه‌ر جه‌نگ، هیچ دیمه‌نێكی مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ به‌دی ناكه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه فڕه‌نسایه‌كی پشت به‌ره‌یه.
كتێبی دووه‌م، «له‌باره‌ی ئابوورییه‌وه بۆ كچه‌كه‌م ده‌دوێم، كورته‌یه‌ك له مێژووی سه‌رمایه‌داری»ی ئابووریناسی ناوداری یۆنانی یانیس ڤارۆفاكیسه، كتێبه‌كه له ژانری ئابووری-فه‌لسه‌فه‌یه و زانا عوسمان له ئینگلیزییه‌وه به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌زگای پاتاكیسی یۆنانی كردوویه‌تی به كوردی. له‌باره‌ی ئابوورییه‌وه بۆ كچه‌كه‌م ده‌دوێم له بنه‌ڕه‌تدا به زمانی یۆنانی له ساڵی 2013 نووسراوه، دواتر له ساڵی 2018 به زمانی ئینگلیزی بڵاو كراوه‌ته‌وه، له‌و كاته‌وه بۆ زیاتر له 30 زمانی تر وهاتووه‌ته وه‌رگێڕان. كتێبه‌كه هه‌وڵی یانیس ڤارۆفاكیسه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكی كچه‌كه‌ی له‌باره‌ی بوونی نایه‌كسانی له دنیادا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش له سه‌ره‌تاكانی مێژووی مرۆڤایه‌تی و داهێنانی دراو و مامه‌ڵه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، تا ده‌گاته كۆمه‌ڵگه به‌بازاڕكراوه‌كان و دنیای ئه‌مڕۆ.
كتێبی سێیه‌م، «له‌ناكاو له ده‌رگا ده‌درێت»ی چیرۆكنووسی ناوداری ئیسرائیلی ئێتگار كێرێته و خۆم له ئینگلیزییه‌وه به ئاگاداری نووسه‌ر كردوومه به كوردی. كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌كه 17 چیرۆكی ئێتگار له‌خۆ ده‌گرێت. چیرۆكه‌كانی ئێتگار كورتن، به‌ڵام زمانێكی چڕیان هه‌یه. كایل سمیس كه ڕه‌خنه‌گرێكی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكییه، پێی وایه ئێتگار ده‌توانێ به شه‌ش په‌ره‌گراف زۆر زیاتر بكات له زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به 600 لاپه‌ڕه ده‌توانن به‌رهه‌مێكی باش بنووسن.
*پلانی ئاینده‌تان چییه و بۆ ئه‌مساڵ بڕیاره چه‌ند كتێبی تر بڵاوبكه‌نه‌وه؟
ئێسته كار له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی چه‌ند به‌رهه‌مێكی تر ده‌كه‌ین بۆ زمانی كوردی، هه‌روه‌ها له هه‌وڵی وه‌رگرتنی مافی وه‌رگێڕانی كتێبی چه‌ند نووسه‌رێكی تازه‌ین كه پێشتر به‌رهه‌مێكیان نه‌كراوه به كوردی.
*بۆ ده‌تانه‌وێ جیاواز له‌وانه‌ی تر كتێبه‌كان له نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌وه وه‌ربگرن و خۆتان وه‌رگێڕانی بۆ بكه‌ن؟
بۆ هه‌ر كتێبێك كه لای ئێمه‌وه چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه، پێشتر مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی به كوردی له ده‌زگای خاوه‌ن مافی كتێبه‌كه یان نووسه‌ره‌كه خۆی وه‌رده‌گرین و دواتر كتێبه‌كه دێته وه‌رگێڕان و كاره هونه‌رییه‌كانی تری ده‌كرێت. كتێبه‌كه له پێگه و ماڵپه‌ڕی خاوه‌ن ماف‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت كه فه‌رمی به زمانی كوردی چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. دواتریش چه‌ند كۆپییه‌ك له چاپی كوردیی كتێبه‌كانیان بۆ ده‌نێردرێت و له ئه‌رشیفی خۆیاندا هه‌ڵیده‌گرن. هه‌روه‌ها ته‌واوی كتێبه‌كانمان ژماره‌ی ستانداردی جیهانی بۆ كتێب ISBNیان بۆ وه‌رده‌گیرێت.
*په‌یك خه‌ونی چییه و به‌نیازی چییه؟
ئێمه ده‌مانه‌وێ شێوازی چاپ و بڵاوكردنه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌یه بگۆڕین و زیاتر گرنگی به‌لایه‌نی هونه‌ری و دیجتاڵی و به‌بازاڕكردنی كتێبه‌كان بده‌ین، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش كه ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌كان یان ده‌زگای خاوه‌ن ماف‌دا هه‌بێت. به‌مجۆره ده‌توانین ئاستی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب بگه‌یه‌نین ئاستێكی باڵاتر و به‌ره‌وپێشی ببه‌ین. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئاگادارت بێت، ده‌كرێ چۆن ئێمه هه‌واڵ له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی كتێبی نووسه‌رێكی بیانی بۆ كوردی ده‌كه‌ین، به‌م شێوه‌یه‌یش ئه‌وانیش له ڕۆژنامه‌كانیاندا بابه‌ت له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی كتێب و به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ كوردی بڵاو بكه‌نه‌وه. ئێتگار له چاوپێكه‌وتنێكی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو له‌گه‌ڵ پێگه‌ی كالكالیستی عیبریدا، ئاماژه‌ی به بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌كه‌ی به كوردی و كاره‌كانی په‌یك كردووه.
*ده‌تانه‌وێ زیاتر له‌سه‌ر چ بابه‌تێكی كتێب وه‌رگێڕانی بۆ بكه‌ن؟
زیاتر گرنگی به ئه‌ده‌بیات ده‌ده‌ین، یان هه‌ر كتێبێك كه نزیك بێت له‌و بواره‌وه. بۆ نموونه، كتێبه‌كه‌ی یانیس، باسی ئابووری ده‌كات، به‌ڵام به پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌ی مێژوویی و نموونه هێنانه‌وه به فیلم و كاره ئه‌ده‌بییه‌كان.
*كتێبه‌كان به چ پره‌نسیپێك هه‌ڵده‌بژێرن؟
ئێسته چه‌ند نووسه‌رێكی دیاریكراو هه‌ن كه كار له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ كوردی ده‌كه‌ین، له‌و نووسه‌رانه‌ن كه له دنیادا ناسراون و لێره كه‌متر، یان به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه تا ئێسته هیچ به‌رهه‌مێكیان نه‌كراوه‌ته كوردی. بۆ هه‌ڵبژاردنی زمانی وه‌رگێڕانیش، تا بتوانین له زمانی یه‌كه‌مه‌وه كتێبه‌كان وه‌رده‌گێڕین.
*ئاسته‌نگییه‌كانی به‌رده‌متان چی بووه؟
شێوازی كاركردنی كتێبخانه‌كان لێره، كه‌مێك ئاسته‌نگی بۆ دروست كردووین و ئه‌ركی به‌بازاڕكردن و ناساندنی كتێبه‌كانی له‌سه‌ر شانمان كه‌مێك قورس‌تر كردووه. له ده‌ره‌وه، كاتێك كتێبخانه‌كه كتێبه‌كه له وه‌شانخانه‌یه‌ك ده‌كڕێت، به چه‌ندان شێوازی جیاواز و تایبه‌ت به‌خۆی ڕێكلام بۆ كتێبه‌كه ده‌كات و ده‌یناسێنێت و ژماره‌یه‌ك كۆپی زۆری لێ ده‌فرۆشێت، به‌ڵام ئه‌م شێوازه لێره تا ئاستێك جیاوازه.