"وەزیری ناوخۆی عێراقیش سەری سوڕماوە لە زۆریی ژمارەی عەرەب لە كەركووك"

:: PM:03:19:11/01/2021 ‌
عیرفان كەركووكی سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، توركمان ئێستە لە كەركووك هەموو شتێكی لە دەست داوە و دۆخی هاووڵاتییانی كەركووك  و بە تایبەتی توركمان لەوپەڕی خراپیدایە، دەڵێت پرۆسەی تەعریب بە جۆرێك فراوان بووە، وەزیری ناوخۆی عێراق هاتە كەركووك گوتی، ئەو هەموو عەرەبە چییە لە كەركووك كە پێشتر ژمارەیان زۆر كەم بوو و ئەوەندە نەبووە ئەو هەموو خەڵكە لە كوێ هاتووە.


 ئێستە دۆخی توركمان لە سنووری كەركووك چۆنە؟
لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر چەندان هێزی جۆراوجۆر لە سنووری كەركووك دروستكراوە و ئەو هێزانە هەریەكیان بەشێوەیەك كار دەكات و دۆخی هاووڵاتییانی كەركووك و بە تایبەتی توركمان لەوپەڕی خراپیە و نائارامی لە سنووری كەركووك هەیە.

ئێوە بەم هێزانە ڕازی نین، بۆچی بەشداری توركمان هەیە لە حەشدی توركمانی و ڕازی بوون لەو هێزە بەشداری بكەن؟
گەنجانی توركمان لەلایەن ئەو هێزانە و چەند لایەنێكی توركمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەنجانیان هەڵخەڵەتاندووە و بەكاریان دەهێنن، هەروەها بەشێكی زۆری توركمانیش ئەو دۆخەیان قبووڵ نەكردووە و ئێستەیش بەژیانێكی تر دەژین و ئامادەنین بچنە ڕیزی ئەو هێزانە.

ئەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك لەو دۆخە هەڵسوكەوتی لەگەڵ هاووڵاتییانی توركمان چۆنە؟
پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بەوپەڕی نابەرپرسانە كار دەكات و وەك توركمانی كەركووك بەهیچ شێوەیەك ڕازی نین، لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەش كراوین و ڕۆژانە هاووڵاتییانی كەركووك لەو دۆخە ناڕازین، لە هەموو شتێكی ئێستەی كەركووك ناڕەزایەتی هەیە و دۆخی كەركووك بە سەربازیی كراوە.

پێشتر چەند لایەنێكی سیاسی باسیان لە پێدانی ماف بە توركمان كرا ئەوانە بەچی گەیشت؟
پێویستە بگوترێت توركمان بێ بەشە لە پۆستی لایەنی سیاسی و ئیداری  ئێستە یەك تایفە كەركووك بەڕێوە دەبات، ئەو بەشدارییەی توركمان لە پێش ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر هەبوون، ئێستە توركان لێی بێ بەش كراو و توركمان ئێستە بەشێكی زۆری پۆستەكانی لە دەست داوە و هیچ دۆخێكی باش نییە بۆ نموونە". ماوەیەك پێش ئێستە نوێنەرێكی ئێمە بەشدار بوو لە چالاكییەك و وەزیری ناوخۆی عێراق هاتە كەركووك گوتی، ئەو هەموو عەرەبە چیە لە كەركووك كە پێشتر ژمارەیان زۆر كەمە بوو و ئەوەندە نەبووە ئەو هەموو خەڵكە لە كوێ هاتووە" ئەوەیش مانای وایە پرۆسەی تەعریب زۆر بەچڕی بەڕێوە دەچێت.

خزمەتگوزاری لە گەڕەك و شوێنی نیشتەجێوونی توركمان چۆنە؟
بەپێی بەرنامەیەك دانراوە ئەو شوێنانەی كورد و توركمانیان تێدایە، زۆر بەچڕی هەموو خزمەتگوزراییەكی لەسەر وەستاوە، ئێستە ناوچەی موسەڵا كە شوێنی نیشتەجێبوونی توركمانەكانە، شوێن هەبوو پێشتر 50 ساڵە باخچە بوو و ئێستە وێران بووە، خۆڵ و خاشاك بووەتە شوێنی ئەو باخچەیە.

پێشتر كاروباری هاووڵاتی توركمان چۆن لە كەركووك بەڕێوە دەچوو؟
پێشتر هاووڵاتی توركمان بۆ هەر خزمەتگوزارییەك بەپێویست و خێرای بزانیایە پێوەندی بە ئەندامی ئەنجوومەن دەكرد و ڕاستەوخۆ بۆیان جێبەجێ دەكرا، ئەو ئەنجوومەنش نەما ئێستە هیچ كەسێك نییە گوێ لە داواكاری توركمان بگرێت و داخوازییەكانیان بەدی بهێنێت، هەروەها ئێمە وەك توركمان دەڵێین ئێستە كەركووك تەنیا شارێكی سەربازییە و هیچ سیمایەكی شاری پێكەوە ژیانی تێدا نەماوە.

باشە هاووڵاتییانی عەرەب لە خزمەتگوزاری و گواستنەوەی نیشتەجێبوون زۆر سوودمەندن بۆ توركانیش ئەو خزمەتگوزارییە بەردەستە؟
یەكەمین شت هەموومان دەزانین ئێستە هەوڵێكی فراوان دەستی پێ كردووە، ئەویش گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی عەرەبە بۆ سەرجەم ناوچەكانی كەركووك، بە شوێنی نیشتەجێبوونی توركمانەكانیش هاوشێوەی پەلكانە و سەرگەڕان كە كوردنشینن و تەنانەت ئێستە ئەو دامەزراندنانەی لەو شارە هەیە، تەنیا بۆ عەرەب دەكرێت.

تاكی توركمان ڕۆڵی چییە لە دەزگە تەناهییەكانی كەركووك؟
بەداخەوە دەیڵێم ئێستە هیچ پۆستێكی تەناهی لە كەركووك لەلای توركمان نییە و ئێستە دۆخی توركمانەكان زۆر خراپە، پێش 16ـی ئۆكتۆبەر ئەگەر توركمانێك بگیرایە، ئەوا ئێمە دەمانتوانی بچینە سەر دۆسیەكەی و بزانین هۆكاری گرتنەكەی چییە، بەڵام ئێستە بەگرتنی كەس نازانێت بۆ كوێشی دەبەن و كێش گرتوویەتی و بۆچی گیراوە.

پڕۆژەیەك لەلایەن چەند كەسێك ڕاگەیەنرا، ئەویش بە هەرێمكردنی كەركووكە، توركمان بۆچوونی چییە؟
وەك پارتی گەلی توركمان ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت و مادەی 140 جێبەجێ بكرێت، چونكە زەویوزاری توركمان لە ناوچەكانی یایچی و تلكەڵان و بلاوە.. هتد، شوێنی ڕەسەنی توركمانن و ئێستەیش زەویوزاری بەدەستی عەرەبە و نەگەڕاوەتەوە ژێر دەستی كەسوكارە ڕەسەنەكەی، بۆیە ئێمە چی لە هەرێمێكی لەو شێوەیە بكەین و ئێمە لەگەڵ بەهەرێمكردن نین و لەگەڵ جێبەجێكردنی مادەی 140ـی دەستوورین.

پێت وانییە بابەتی بەهەرێمكردنی كەركووك پلانێكە و بە بەرنامە بۆ لادانی سەرنجی توركمان لەسەر كێشە سەرەكییەكانیەتی دەكرێت؟
لەو ماوەیە لەگەڵ توركمانەكانی كەركووك لەسەر هێڵ بووین، ئەوان جارێ دەڵێن با ئێمە مافەكانی خۆمان وەربگیرن و دەستووری جێبەجێ بكرێت، ئەوجا بیر لە شتی وا بكرێتەوە.

داعش ئێستە لە باشووری كەركووك و ڕۆژئاوا زیاد بووە، ئەوە هۆكاری چییە؟
هێزە تەناهییەكانی لەو سنوورەن نەیانتوانیوە ئەركی خۆیان بەتەواوی جێبەجێ بكەن، پێشتر هێزی پێشمەرگە لەو شوێنە بوو، هەموو نەتەوەكانی دەپاراست، هەروەها ئەو هێزانەی ئێستە لەو شوێنەن ناتوانن سنوورەكان بپارێزن.

لە ڕابردوو هەموومان دەمانبینی توركمان لە خورماتوو دیار بوو و لەسەر مافەكانی بێدەنگ نەدەبوو، بەڵام ئێستە بێدەنگن بۆچی؟
هەندێك لایەنی توركمان بە فەرمانی چەند كەسێكی بەغدا دەسووڕێنەوە و بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەوان كار دەكەن، لەبەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان ئەو شتانەیان كپ كردووە و باسی ناكەن. لە ڕابردوو خەڵك دەیانتوانی بە ئازادانە داوای مافی خۆیان بكەن، ئێستە بەهۆی بەرژەوەندیی چەند لایەنێكی توركمان بەڕێككەوتنیان لەگەڵ لایەنەكانی بەغدا، ئەو دەنگانە كپ كراون.



وشە - رامیار جەواد