كاریگەرییە نەرێنییەكانی فرەژنی لە ئەرێنییەكانی زۆر زیاترە

:: PM:04:05:11/01/2021 ‌
لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كە یاسا بەبێ رەزامەندی ژنی یەكەم، رێ بە فرەژنی نادات، بەڵام كەم نین ئەو هاووڵاتییانەی حەز بە ژنی دووەم دەكەن و زۆرجاریش لەو خێزانانە كێشە دروست دەبێت.

 زانا عەبدوڵا ئەو هاووڵاتییەی هەرێمی كوردستانە كە ژنی دووەمی هێناوە و لە كاریگەرییە خراپەكانی فرەژنی باشتر تێدەگات و هەستی پێ كردووە. ئەو بۆ "وشە" باسی لەوە كرد یەكێك لە لایەنە نەرێنییەكانی هێنانی ژنی دووەم ئەوەیە، زۆر سەختە بتوانی بە یەك جار دڵت لای هەردوو هاوسەرت بێت و خۆشەویستی و سۆزیان وەك یەكتر پێ ببەخشیت، وێڕای رەچاوكردنی یەكسانی داخوازییەكانی هەردوو ژن جێبەجێ بكەی.

ئەو پێی وایە كەسێك دوو ژنی هەبێ، پێویستە لە یەك كاتدا هەم ناز و خۆشەویستی و هەم گلەیی دوو كەس هەڵبگرێت. ناكرێ لای كەسێكیان بێت و ئەوی تریان هەست بە تەنیایی بكات، بێگومان ئەمەش بە پێچەوانەوە ڕاستە كە دەبێتە هۆی ئەوەی هەمیشە كەسێكیان هەست بە تەنیایی بكات .

هاوسەری یەكەم بەو هاوسەرگیرییە رازی نابێت ، بۆیە دواجار گیروگرفت لە خێزانەكە دێتە كایەوە.


پارێزەر مەهدی ئەحمەد رەحمان لەوبارەیەوە بۆ "وشە"  گوتی، هاوسەرگیری دووەم لەم سەردەمەدا زۆر گیروگرفتی لێ دەكەوێتەوە، چونكە زۆربەی پیاوان بەبێ ڕەزامەندی خێزانی یەكەمیان هاوسەرگیری دووەم دەكەن، هۆكارەكەش ئەوەیە هاوسەری یەكەم رازی نابێت بەو هاوسەرگیرییە، بۆیە دواجار كێشە و گیروگرفت لە خێزانەكە دێتە كایەوە.

یەكێك لەو گیروگرفتانە بریتییە لە پشتگوێخستنی منداڵەكان لەلایەن پیاو و رەچاوكردنی نایەكسانی لە نێوان هەردوو هاوسەریدا. ئەستەمە كەسەكە بتوانێ دوو ماڵ دابنێت و وەك پێویست بژێوی هەردوو هاوسەر دابین بكات.

بەگوتەی ئەو پارێزەرە، یاساكانی هەرێمی كوردستان ئەو مافەی بە ژنی یەكەم داوە ڕەزامەندی نەدا بە هاوسەرەكەی ژنی دووەم بهێنێ، بەڵام لەهەمان كاتدا پیاوەكان دەڕۆن لە دادگاكانی دەرەوەی هەرێم گرێبەستی هاوسەرگیری دەكەن.

جگە لەمە هەندێك جار كێشەی كۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات و كوژرانی لایەكی لێ دەكەوێتەوە، بۆ نموونە ناپاكی هاوسەرگیری لێ دەكەوێتەوە و لەوانەیە پیاوەكە نەتوانێ ئارەزووەكانی هەردوو ژنەكەی تێر بكات.

هەولێر/پەریهان عومەر



وشە - سلێمان تاشان