هەوڵ دەدرێ تا كۆتایی ئەم مانگە بودجەی 2021ی عێراق تێپەڕ بكرێت

:: PM:08:03:11/01/2021 ‌

دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی رابردوو پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق لەلایەن حكوومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كرا، شەمووی رابردوو یەكەم خوێندنەوەی بۆ كرا، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە دانیشتنەكانی پەرلەمان تا پەسندكردنی پڕۆژەكە بەردەوام دەبێ و پێشبینی وادەی دەنگدانی لەسەر كرد.
شەموو یەكەم خوێندنەوەی بۆ كرا
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق بەردەوام دەبێت، هاوكات لیژنەی داراییش كۆبوونەوەكانی بۆ ئەو مەبەستە چڕ دەكاتەوە، دووپاتی كردەوە كە هەوڵ دەدرێ بەر لە سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوو و پێش كۆتاهاتنی وەرزی یاسادانان، پڕۆژەكە بخرێتە دەنگدانەوە.

لای خۆیەوە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكی كورتدا گوتی، تاوتوێكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بەردەوام دەبێت و دەخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان، بۆیە ئەمڕۆ دووشەم پەرلەمان دەستی بە دووەم خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەكە كرد كە شەموو یەكەم خوێندنەوەی بۆ كرا.

بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق قەبارەی بودجەكە 164 ترلیۆن دینارە و كورتهێنانیش دەگاتە 71 ترلیۆن دینار و نرخی بەرمیلێك نەوت لە 42 دۆلار و نرخی دۆلار بە 1450 دینار خەمڵێندراوە، هەناردنی رۆژانەی نەوتی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە سێ ملیۆن و 250 هەزار دۆلارە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل