له ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تدا كه تا ئێسته ڕوون نییه كام له هێزه ته‌ناهییه عێراقییه‌كان ئه‌نجامی داوه، قه‌ناس به‌ده‌ستێكی داعش له پارێزگای كه‌ركووك كه هاوكات سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعشیشه گیراوه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 12ی كانوونی دووه‌م، له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕای گه‌یاند، ھێزه‌كانی ئاژانسی ھه‌واڵگریی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ھه‌واڵگریی پۆلیسی فیدراڵی عێراقی، تیرۆریستێكیان له پارێزگای كه‌ركووك گرتووه كه به‌پێی ماده‌ی چواری تیرۆر به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له داعش داواكرابوو.
زیاتر هاتووه، "ئه‌و تیرۆریسته‌ی گیراوه له كه‌تیبه‌ی قه‌ناس به‌ده‌ستدانی فیرقه‌ی قادسییه له كه‌رتی باكوری ڕۆژئاوای كه‌ركووك سه‌ربه داعش، چه‌كدار بووه. دوای خۆشاردنه‌وه‌ی له ھێزه ته‌ناهییه‌كان، له كه‌مپی ئاواره‌كانی له‌یلانی سه‌ربه پارێزگای كه‌ركووك گیراوه".
داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌كه‌ین
نه‌قیب نه‌جات عه‌لی له ژووری ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقی، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌م چالاكییه ھێزه‌كانی ئاژانسی ھه‌واڵگریی عێراقی له به‌غدا ئه‌نجامیان نه‌داوه، ئێمه وه‌ك پۆلیسی فیدراڵی عێراقی له كه‌ركووك ئه‌نجاممان داوه، ئه‌وه‌ی كه كراوه، بووه به‌ده‌ستكه‌وت بۆ ئه‌وان.
زیاتر گوتی، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی داعش زۆر پیاوێكی ترسناكه و ئێسته ڕه‌وانه‌ی دادگا كراوه، ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه‌ی به توانای ئێمه نه‌كردووه، بۆیه ئه‌فسه‌رانی له كه‌ركووك بێ هێوا كردووه و داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌كه‌ین.
چه‌كدارانی داعش به ئاسانی له ناوچه‌كانی دووبز و به‌شی باشووری كه‌ركووك ته‌راتێن ده‌كه‌ن و جارجاره‌یش چالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بێتوانایی هێزه ته‌ناهییه‌كانی عێراق وای كردووه ژماره‌یان به‌ره‌و زیادبوون بچێت.