نەوت بەرزترین نرخی لە ماوەی 11 مانگدا تۆمار كرد

:: PM:02:46:12/01/2021 ‌
نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتووەتە بەرزترین نرخ كە لە 11 مانگی رابردوودا تۆمار كرابێت. پێشبینی دەكرێ نرخی نەوت لەمساڵدا زیاتر بەرز ببێتەوە.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ سێشەم نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 56 دۆلار و 60 سەنت كە بەرزترین نرخە لە شوباتی ساڵی رابردووەوە تۆمار كرابێت. نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە 52 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت.

بۆ پێنجەم هەفتەی لە دوای یەك دابەزینی تۆمار كردووە.


گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندی بە دابەزینی بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە و بۆ پێنجەم هەفتەی لە دوای یەك دابەزینی تۆمار كردووە.

كەمبوونەوەی نەوتی كۆگاكراو بە واتای ئەوەی دێت ئاستی داخوازی بەرز بووەتەوە و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەكیش لەسەر داخوازی نەوت دەبێتە هۆی ئەوەی بەهاكەی زیاتر هەڵكشێت.

نرخی نەوت لە ساڵی رابردوودا لە ژێر كاریگەری رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزی، بەڵام بەهۆی ئەو رێكارانەی ئۆپێك پڵاس بۆ دابەزاندنی بەرهەمهێنان خستیەڕوو، بووە هۆی بەرزكردنەوەی بەهای نەوت.

لەگەڵ زیاتر بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشبینی دەكرێت ژیانیش لە دنیادا ئاسایی ببێتەوە و دواجار پەرە بە چەرخی پیشەسازی بدرێت و ئەمەش نرخی نەوت زیاتر بەرز دەكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان