"بایدن شمشێرەكەی لەدژی توركیا راكێشا"

:: PM:05:02:12/01/2021 ‌
 
چەند لایەنێكی توركی نزیك لە حكوومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، مەترسی خۆیان لە دامەزراندنی برێت ماكگۆرك وەك راوێژكاری جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دەربڕی، كە رەنگە گوشارەكانی سەر ئەنقەرە بۆ سنوورداركردنی خواستە فرەوانخوازییەكانی زیاد بكات.

بایدن دامەزراندنی چەند ئەندامێكی تری لە تیمەكەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی راگەیاند لە پێشەوەیان ماكگۆرك، وەك رێكخەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، بەپێی بەیاننامەیەكی دەرچوو لە نووسینگەی بایدن، ئەركی سەرەكیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی بریتییە لە پێشكێشكردنی راوێژ و یارمەتیدانی سەرۆك لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتەكانی دەرەوە و رێكخستنی ئەو سیاسەتانە لە رێگای ئاژانسەكانی حكوومەتەوە، بایدن و كامالا هاریسی یاریدەری دووپاتیان كردەوە كە تیمە نوێیەكەیان خاوەن شارەزایی و لێهاتوون، ئەوان بێ سڵكردنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمەریكییەكان كار دەكەن.

بایدن بەهەمان رێچكەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكادا دەڕوات و پێشبینی دەكرێ لە هەفتەكانی داهاتوودا كارەكتەرە كۆنەكانی سەردەمی ئەو لە ئیدارەكەی دابنێتەوە، بەتایبەتی دوای باڵادەستبوونی دیموكراتەكان بەسەر ئەنجوومەنی پیران، ماكگۆرك، یەكێكە لە نوێترین بەرپرسانی پێشووی ئیدارەی ئۆباما كە بایدن دایمەزراندەوە، بۆیە دامەزراندن مەترسی لای توركیا دروست كردووە لەوەی گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا بەرانبەر بە دۆسییەكانی پێوەست بەو رووبدات بە ئاراستەی توندبوون، بۆیە میدیاكانی توركیای نزیك لە ئەردۆغان ئەو مەترسیانەیان بەرجەستە كرد.   
ماكگۆرك دوژمنی توركیایە و رۆڵی لە چەكداریكردنی پەكەكەدا هەبووە
ئیتونچ ئیركین، نووسەری تورك لە وتارێكی لە رۆژنامەی "سۆزجو"ی توركی لەبارەی دامەزراندنەوەی ماكگۆرك دەڵێت، ئەو كەسەی چەكی بە یەكینەكانی پاراستنی گەل دەدا وا بووە راوێژكاری بایدن، ئەوەی سیاسەتەكانی ئەمەریكا بەرانبەر بە سووریا دیاری دەكات، بۆیە سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە ئۆباماوە تا بایدن ناگۆڕێت، روونی كردەوە، ماكگۆرك دوژمنی توركیایە و رۆڵێكی كارای لە چەكداریكردنی پەكەكەدا هەبوو.

ئەو نووسەرە وتەیەكی مەولوود چاوەیشئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیای لە 2015 هێنایەوە یاد كە گوتبووی، ماكگۆرك بەئاشكرا پاڵپشتی لە پەكەكە و یەپەگە دەكات، بۆیە دژی ئێمە كار دەكات، لە كۆتایی وتارەكەیدا ئاماژەی كرد، "وا بایدن شمشێرەكەی لەدژی ئێمە دەرهێنا".

لەوكاتەی ماكگۆرك وا ناسراوە كە خاوەن شارەزاییەكی زۆرە لە گفتوگۆ نهێنییەكان، ئەو لە هەردوو ئیدارەی جۆرج بۆشی كوڕ و باراك ئۆبامادا كاری كردووە و هەڵوێستی دژ بە توركیای هەبووە، زیاتر لە جارێك سەركۆنەی دەستبەرداربوونی واشنتنی لە كورد بەرانبەر بە هێرشەكانی توركیا لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كردووە، لەوكاتەی ماكگۆرك بەهەردوو زمانی عەرەبی و فارسی قسە دەكات، بەوەیش بەئاسانی گرێبەستی نهێنی و ئاشكرا ساز دەكات، هەرئەوەیشە وای كردووە ببێتە شارەزایەكی هەواڵگری بۆ رێكخستنەوەی كاروباری ناوچەكە.

بایدن لە 2019 چەند هەڵوێستێكی توندی دژ بە سیاسەتی دەرەوەی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست راگەیاند، ئەو بەوە وەسفی ئەردۆغانی كرد كە كەسێكی ستەمكارە، بۆیە سەركەوتنی بایدن چەند ساڵێكی سەخت بۆ توركیا لەگەڵ خۆی دێنێ و ئەگەری هەیە هەوڵەكانی ئەنقەرە بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزی لەگەڵ واشنتن لەناو ببات.

مایكل رۆبن، توێژەر لە پەیمانگەی "ئەمەریكا ئینتەرپرایز"، دەڵێت، تاكە شت وای كرد پێوەندییەكانی ئەمەریكا و توركیا لە چوارساڵی رابردوو بمێنێتەوە، پێوەندیی كەسیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە، بۆیە بە رۆیشتنی ترەمپ، پێویستە ئەردۆغان زۆر نیگەران بێت.

پێدەچێت ئیدارەی بایدن سووربێت لەسەر وەرگرتنی هەڵوێستێكی توند بەرانبەر بە ئەردۆغان، ئەوە بەتەواوەتی لە دیدارێكی بایدن لە كانوونی دووەمی رابردوو دەركەوت كاتێك ئەردۆغانی بە ستەمكار وەسف كرد و رەخنەی لە رەفتارەكانی بەرانبەر بە كورد گرت و رای گەیاند، پێویستە سەركردایەتی توركیا باجەكەی بدات، هەروەها بەڵێنی دداننانی بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان دا، كە سەرانی ئەمەریكا لە ماوەی ساڵانی رابردوو خۆیان لێ دووردەخستەوە، جیا لەوە لە ماوەی رابردوو پەرلەمانتارانی دیموكرات و كۆماری پاڵپشتیان لە سەپاندنی سزا بۆ سەر توركیا كرد، بەهۆی هێرشەكانی بۆ سەر كورد و كڕینی سیستمی مووشەكی بەرگری ئاسمانی ئێس- 400ی رووسی، بۆیە ئەو سزایانە دەبنە گورزێكی وێرانكار بۆ ئابووری رووخاوی توركیا.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل