بڕیارە سبەی چوارشەم سێیەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ئەم هەفتەیە لەبارەی بودجەوە بەڕێوە بچێت، بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 كە لە كۆتای مانگی رابردوو گەیشتە پەرلەمان.
بودجەی پارێزگاكان و باجی سەر مووچە كێشەی گەورەن
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق و تیایدا كارنامەی دانیشتنی سبەی چوارشەمی تیادا راگەیاند كە لە نۆ بڕگە پێكهاتووە و یەكێكیان بەردەوامی گفتوگۆكردنە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە،
دانیشتنەكە سەعات سێی دوای نیوەڕۆ ساز دەكرێت، چاوەڕوان دەكرێ لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە گفتوگۆی زیاتر لەبارەی پڕۆژەكە بكرێت، كە لە 58 مادە پێكهاتووە.
شەمووی رابردوو پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكدا یەكەم خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 ئەنجام دا، دووشەمیش لە گفتوگۆكردن بەردەوام بوون، بەپێی زانیارییەكان پەرلەمان هەوڵ دەدات تا كۆتایی ئەم مانگە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەكە بكرێ و بخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرێت گفتوگۆكانی پێش تێپەڕكردنی پڕۆژەكە سەخت بێت.
بودجەی 2021ی عێراق كە بە بودجەیەكی فریاگوزاری و دەستگرتنەوە دادەنرێت، جیا لەوەی هەمان ناڕەزایی ساڵانی رابردووی فراكسیۆنە جیاوازەكان و پەرلەمانتارانی پارێزگاكانی بەرانبەر هەیە، لەوانە پەرلەمانتارانی بەسڕە كە داوای دابینكردنی پارەی زیاتر و خزمەتگوزاری زیاتر بۆ پارێزگاكەیان دەكەن، هەروەها پەرلەمانتارانی مووسڵ كە داوای ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەیان دەكەن، بەدەر لەوەی هەلی دامەزراندن و دابینكردنی هەڵی كار و جێبەجێكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی تیادا نییە، بابەتی سەپاندنی باج بەسەر مووچەی فەرمانبەران و كەمكردنەوەی مووچە كێشەیەكی گەورەیە.