میسی چاوەڕێی شكاندنی ژمارەیەكی پێوانەیی تر لەگەڵ بەرشەلۆنە دەكات

:: AM:10:19:23/02/2017 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی چاوەڕێ دەكات لە یارییەكەی یەكشەمی داهاتوو بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە خولی ئیسپانیا ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ بشكێنێ و كۆی سەركەوتنەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بكاتە 400 یاریی.

یانەی بەرشەلۆنە یەكشەمی داهاتوو لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ڤیسنتی كالدیرۆن دەبێتە میوانی یانەی ئەتلەتكیۆ مەدرید.

میسی لەوەتەی لە ساڵی 2004وە لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە یاریی دەكات تا ئێستا 565 یاریی ئەنجامداوە، زۆرینەی یارییەكانیشی لەگەڵ یانەكەدا بردووەتەوە كە 399 یارییە، هەروەها لە 102 یاریشدا یەكسان بووە و 64 یاریشی دۆڕاندووە.

ئەو 399 سەركەوتنەی یانەی بەرشەلۆنە وای كردووە 29 ناسناو بەدەست بێنێ كە 4 ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بووە كە دواینجاریش لە 2015 بوو.

لەو یارییانەدا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید نێچیری یەكەمی میسی بووە كە تا ئێستا 26 گۆڵی لێ تۆمار كردووە، دوای ئەوانیش هەریەك لە یانەكانی ریال مەدرید و سڤیلییە دێن كە تا ئێستا 21 گۆڵی لێ تۆمار كردوون.

میسی ئاواتەخوازە لە یارییەكەی یەكشەمی داهاتوو لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بباتەوە و كۆی سەركەوتنەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بكاتە 400، هەروەها لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایش دەیەوێ سەركەوتنەكانی لەگەڵ یانەكە بكاتە 100.

سوارێز لە هاوینی 2014 بەگرێبەستێك لە یانەی لێڤەرپوولەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، تا ئێستاش بەشداریی لە 130 یاریی یانەكەدا كردووە و 109 گۆڵیشی بۆ یانەكە تۆمار كردووە.

جێی باسە میسی ئێستا لە ریزی یەكەمی گۆڵكارانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا دێت بە تۆماركردنی 19 گۆڵ، لە دوای ئەویش لویس سوارێز دێت بە 18 گۆڵ و كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدیش 15 گۆڵی هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م