16 ئەندامی سوپای پاسداران و حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیل كوژران

:: AM:10:09:13/01/2021 ‌
لە هێرشی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی سوپای پاسداران و حزبوڵا لە پارێزگای دێرەزووری سووریا، 16 كەس كوژران.

گرووپێكی چاودێری گۆڕانكارییەكانی سووریا، ئەمڕۆ چوارشەم ئەو زانیارییەی بڵاو كردەوە. هاوكات میدیای فەرمی حكوومەتی سووریاش بڵاوی كردەوە، لە سەرلەبەیانییەوە فڕۆكەكانی ئیسرائیل هەندێك ناوچەیان لە ئەبوكەمال و دێرەزوور بۆردمان كردووە.

فڕۆكەكان 18 جار هێرشیان كردووەتە سەر ئامانجەكانیان.


لەلایەكی ترەوە رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریاش كە بارەگا سەرەكییەكەی لە لەندەنە، ئاماژەی داوە لەو هێرشانەدا 16 كەس كوژراون و فڕۆكەكان 18 جار هێرشیان كردووەتە سەر ئامانجەكانیان.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لەو هێرشەدا پێنج سەربازی سووریاش كوژراون و ئەو هێزەی سەربە ئێرانیش كە لەو هێرشەدا كوژراون، سەربە لیوای فاتمیوون بوون كە لە لایەن سوپای پاسداران دامەزراون.

زۆر لەو چەكدارانەی لە ناو لیوای فاتمیوون چالاكییان هەیە، ئەفغانییە شیعەكانن كە ئێران بە كرێی گرتوون و لە سووریا بەشەڕیان دەدات.

ئامانجی ئیسرائیل لەو هێرشانە ئەوەیە دەستی ئێران و حزبوڵا لە سووریا كورت بكاتەوە، بۆیەش سەدان هێرشی ئەنجام داوە و سوورە لەسەر لێدانی هێزەكانی ئێران لە سووریا.


وشە - سلێمان تاشان