لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەمەریكا دەست پێ دەكات

:: AM:11:54:13/01/2021 ‌
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە زۆرینەی دەنگ، دوورخستنەوەی ترەمپی پەسند كرد و بەو هۆیەشەوە رەوتی لێپرسینەوە لە ترەمپ دەست پێ دەكات كە لە مێژووی ئەمەریكا رووی نەداوە سەرۆكێك بۆ جاری دووەم بەمەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشتی كۆنگرێس بكرێت.

مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، داخوازی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەبارەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە دەسەڵاتی رەت كردەوە، هەر بەو هۆیەشەوە لەمڕۆ چوارشەمەوە لێپرسینەوە لە ترەمپ لە لایەن ئەنجوومەنەكە بە فەرمی دەست پێ دەكات. نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە 24 سەعات مۆڵەتی بە مایك پێنس دابوو تا بەگوێرەی مادەی 25ی دەستووری ئەمەریكا ترەمپ لە دەسەڵات دوور بخاتەوە.

مادەی 25

لە نامەیەكدا كە پێنس نووسیویەتی و ئاراستەی پێلۆسی كردووە، نووسیویەتی حەز ناكات مادەی 25ی دەستوور بەكار بهێنرێت، چونكە ئەم هەنگاوە لە قازانجی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئەمەریكا نییە و بەپێی دەستووریش ئەزموونێكی مەترسیداری یاسایی تۆمار دەكرێت.

بە گوتەی پێنس مادەكە دەبێ لە كاتێكدا بەكار بهێنرێت كە سەرۆك بە هۆی نەخۆشی یان هەر كێشەیەكی تر توانای ئەوەی نەبێت ئەركەكانی خۆی راپەڕێنێت و نابێت لەو مادە دەستوورییە وەك سزادان سوود وەربگیرێت.

دەكرێ جێگری سەرۆك لەگەڵ زۆرینەی ئەندامانی كابینە بڕیار لەسەر بێتوانایی سەرۆك بدەن
بەپێی ئەو مادە دەستوورییە، دەكرێ جێگری سەرۆك لەگەڵ زۆرینەی ئەندامانی كابینە بڕیار لەسەر بێتوانایی سەرۆك بدەن و لە دەسەڵات دووری بخەنەوە.

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی داوە، بۆ ساڕێژكردنەوەی برینی رووداوە ناخۆشەكەی هەفتەی رابردوو و هێرشكردنە سەر كۆنگرێس، پێویستە هەموومان لە دەوری یەكتر كۆ بینەوە و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆ بایدن ئاسانتر بكەن و خۆیشی نایەوێت بچێتە ناو گەمە سیاسییەكانەوە.

هەنگاوی تری دیموكراتەكان

خۆی چاوەڕوان دەكرا مایك پێنس دژایەتی داواكارییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات، بۆیەش لە هەنگاوی دووەمدا خۆیان ئامادە دەكەن ترەمپ رووبەڕووی لێپرسینەوە بكەنەوە. 

بەپێی پلانی دیموكراتەكان، ترەمپ بەهۆی هاندانی خەڵك بۆ راپەڕین و نانەوەی پشێوی، دەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە وتارەكەی ئەو بوو وایكرد لایەنگرانی هێرش بكەنە سەر كۆنگرێس و بەرپرسیاری سەرەكی ئەو رووداوانەیە كە بە هۆیەوە پێنج كەس بوونە قوربانی.

قۆناغی داهاتوو پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەنجوومەنی پیران هەیە


لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەم لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە فەرمی دەست پێ دەكات. بەهۆی ئەوەی كە لەو ئەنجوومەنە زۆرینە بەدەستی دیموكراتەكانە، پێشبینی دەكرێ لێپرسینەوە بە بێ هیچ كێشەیەك تێپەڕێت، بەڵام قۆناغی داهاتوو پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەنجوومەنی پیران هەیە تا بە فەرمی ترەمپ لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە.

كۆماریخوازانیش دژی ترەمپن

دەنگدانی دوو لەسەر سێی كۆماریخوازەكان لە دژی ترەمپ چاوەڕوانكراوە و تا ئێستە كۆمەڵێك سیناتۆری ئەمەریكا رەزامەندیان دەربڕیوە لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكەن.

 بەگوێرەی دۆیچەوێلە لیز چینی كچی دیك چینی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆرج بۆش، یەكێكە لەو كەسانەی دژی ترەمپە و تەنانەت گوتبووی ترەمپ خەڵكی هان دا هێرش بكەنە سەر كۆنگرێس و پێشتر شتی وا لە ئەمەریكا رووی نەداوە.

ترەمپ دەبێتە یەكەم سەرۆك لە مێژووی ئەمەریكا كە بۆ جاری دووەم لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت


ئەگەر لێپرسینەوە دەست پێ بكات، دۆناڵد ترەمپ دەبێتە یەكەم سەرۆك لە مێژووی ئەمەریكا كە بۆ جاری دووەم بەمەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی كۆنگرێس دەكرێت.

تەنیا یەك هەفتە لە دەسەڵاتی ترەمپ ماوە و ئەگەر پرسی لێپرسینەوە سەركەوتوو بێت، ئەوا ترەمپ هیچ كاتێك ناتوانێت بۆ هیچ پۆستێكی فیدراڵی خۆی بپاڵێوێت. هاوكات ماف و مووچەی تاهەتایی و دابینكردنی پاسەوانی تایبەتیشی لێ دەستێنرێتەوە.

گەورەترین دۆسیە

دوای هێرشەكەی شەشی كانوونی دووەم بۆ سەر كۆنگرێس، وەزارەتی دادی ئەمەریكا بە وردی دەستی بە لێكۆڵینەوە لەسەر 170 كەس كردووە كە گومانی ئەوەیان لێ دەكرێت ئاژاوەیان نابێتەوە و تەنانەت دەستیان لە كوشتنیشدا هەبێت.

داواكاری گشتی ئەم دۆسیەیەی لە مێژووی ئێف بی ئای و وەزارەتی دادی ئەمەریكا بە بێ وێنە هەژمار كردووە. ئێستە باڵەخانەی كۆنگرێس لەم دۆسیەیەدا وەك شوێنی روودانی تاوان ناوی دەهێنرێت و سكاڵا لە دژی 70 كەسیش تۆمار كراوە.

دۆناڵد ترەمپ هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی براوەی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكایە، لە كاتێكدا كۆنگرێس پێشتر بە زۆرینەی دەنگ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسند كرد و جۆ بایدنی بە سەرۆكی ئەمەریكا دەستنیشان كرد.

لە 20ی ئەم مانگە بە فەرمی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی رادەستی جۆ بایدن دەكرێت


بڕیارە لە 20ی ئەم مانگە بە فەرمی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی رادەستی جۆ بایدن بكرێت و ترەمپیش ماڵاوایی لە كۆشكی سپی دەكات.



وشە - سلێمان تاشان