كورد لە ڕێی مادەی 11ی پڕۆژەی بودجە دەتوانێ مافە داراییەكانی لە بەغدا وەربگرێتەوە

:: PM:01:11:13/01/2021 ‌
بەپێی بڕگەیەكی مادەی 11ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، هەرێمی كوردستان دەتوانێ قەرز و مافە داراییەكانی خۆی بە بەغدا بسەلمێنێت و بەشێك لەم قەرزانەی لێ وەربگرێتەوە. ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، كورد پێویستی بە یەكدەنگییە بۆ پشتیوانیكردن لەو بڕگەیە.
 
شێروان میرزا ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە بڕگەیەكی مادەی 11ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كە خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆ كراوە، هەرێمی كوردستان دەتوانێ بە بەڵگە مافەكانی خۆی لە پرسی پێنەدانی بودجە و مووچە بە بەغدا بسەلمێنێت. 

حكوومەتی هەرێم لە ماوەی 90 رۆژ، داتای تایبەت لەسەر قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەری بە بەغدا بدات


بەپێی مادەكە حكوومەتی هەرێم  لە ماوەی 90 رۆژ، داتای تایبەت لەسەر قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەری بە بەغدا بدات، بەهۆكاری بێبەشبوونی لە بودجە و مووچە، دواتر دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا لە بەڵگە و وردەكارییەكان دەكۆڵنەوە.

پێویستە بگوترێ بەهۆی ئەوەی كە لە ساڵی 2014وە بەغدا مووچە و مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، سەرووی 28 ملیار دۆلار قەرزی جۆراوجۆر لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەڵەكە بووە.

حكوومەتی عێراقیش پێی وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركە داراییەكانی خۆی بەرانبەری جێبەجێ نەكردووە، بەگوتەی شێروان میرزا، لیژنەكان هەڵسەنگاندنی ورد دەكەن و بە بەڵگە مافی هەردوولا دەستنیشان دەكەن و ئەگەر هەر لایەنێك بیسەلمێنێت مافی بە لاكەی ترە، ئەوا بە یاسا مافەكەی بۆ دەگێڕێتەوە. 

ئەو مادەیە پشتیوانی و یەكدەنگیی كوردی پێویستە


ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باسی لەوەش كرد، ئەو مادەیە پشتیوانی و یەكدەنگیی كوردی پێویستە و دەبێ كورد هەنگاوی ڕژد بۆ ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵیدا بنێت.

لە لایەكی ترەوە هەژار كەریم چاودێری سیاسی گوتی: یەكدەنگی كورد لەم كاتەدا بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجە كە لە بەرژەوەندیی كوردە، زۆر گرنگە، لەكاتێكدا تاقمی خۆفرۆشی كوردی ناو پەرلەمانی عێراق، لیستێكیان پێكهێناوە و بوونەتە هۆكاری پەرتەوازەكردنی ماڵی كورد.

ڕەسوول ڕەئووف ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش، بە"وشە"ی راگەیاند، كورد گرنگە لە پرسی مادەی 140 و بودجە یەكدەنگ بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ داكۆكی لە مافەكانی بكات، بەو شێوەیە دەتوانرێ دەستكەوتەكانی كورد پارێزگاریی لێ بكرێ.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - سلێمان تاشان