لیژنه‌ی ئۆڵمپیی هه‌رێمی كوردستان، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، دوای دابڕانێكی زۆر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بۆ مه‌كته‌بی ته‌نفیزی ئه‌نجام دا، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بووین لیژنه‌كه به‌هێز ده‌ركه‌وێته‌وه و بتوانێت هه‌ندێك بڕیار و راسپارده و هه‌ڵوێست ده‌ربكات، كه هیوایه‌كی بۆ دووباره زیندووكردنه‌وه‌ی بزاڤی وه‌رزشی كوردستان و خودی دامه‌زراوه‌كه پێ بێت، به‌ڵام به داخه‌وه، كه خوێندنه‌وه بۆ بڕیار و راسپارده‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌وپه‌ڕی بێهوایی دامانده‌گرێت له‌وه‌ی هیچ رووناكییه‌ك بۆ داهاتووی وه‌رزشی كوردستان له ژێر چه‌تری ئه‌و دامه‌زراوه‌یه و هه‌روه‌ها خودی دامه‌زراوه‌كه‌شدا هه‌بێت.
له هه‌موو دنیا لیژنه‌ی ئۆڵمپی به‌هێزترین دامه‌زراوه‌ی وه‌رزشیی وڵاته و ده‌بێت وابێت، به‌ڵام ئه‌م لیژنه‌یه‌ی ئێمه، رۆژ دوای رۆژ ده‌پوكێته‌وه و به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت.
ئه‌وه چه‌ند ساڵێكه، به تایبه‌تی له دوای قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش، وه‌رزشی ئه‌م هه‌رێمه له‌وپه‌ڕی سستی و بێ چالاكییدایه، جگه له چالاكییه‌كانی یه‌كێتیی تۆپی پێ، كه ئه‌ویش "هه‌ر له یه‌ك بازنه‌دا ده‌خولێنه‌وه و ستراتیژیه‌ت و روئیایه‌كی بۆ داهاتووی تۆپی پێی ئه‌م هه‌رێمه تێدا نییه"، هیچ چالاكییه‌كی به‌رچاو نایه‌ت ئه‌نجامدان، كه‌چی تازه‌كی لیژنه‌ی ئۆڵمپی "بڕیاره سه‌ردانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌رزش! و ده‌زگه‌كانی تری ئه‌م هه‌رێمه بكات" بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن!
هه‌روه‌ها لیژنه‌كه له یه‌كێك بڕیاره نوێیه‌كانی، زۆر شه‌رمنانه " بڕیاره داوای بودجه له وه‌زاره‌تی دارایی" بكات، له كاتێكدا باش ده‌زانن وه‌زاره‌تی دارایی به‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه بودجه‌یان پێ نادات و كاره‌كه له ئاماده‌كردنی نووسراو زۆر قورستره.
به بڕوای من، ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئۆڵمپی ده‌یكات، كاری دامه‌زراوه‌یی نییه، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خاڵی سفر، چونكه ئه‌ندامانی لیژنه‌كه، "هه‌رچه‌نده زۆربه‌یان بێ سوودن و ته‌نیا بۆ ناو و ئیمتیاز و نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌كانیان له‌وێن" به‌ڵام هه‌ندێكیان رێگه راسته‌كه ده‌زانن، دامه‌زراوه‌یه‌ك كه یاسای كاری نه‌بێت، كه له په‌رله‌مان نه‌ناسێنرابێت و به‌یاسایی نه‌كرابێت، حكوومه‌ت بودجه‌ی پێنادات، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشتان ئه‌و "هاوكارییه خێرخوازییه‌یه"، ئه‌وه كێشه‌كانی ئێوه و وه‌رزشی كوردستان چاره‌سه‌ر ناكات.
لیژنه‌ی ئۆڵمپی له رۆژی دامه‌زراندییه‌وه تا ئێسته، كێشه‌ی یاسای كار و بودجه‌ی هه‌یه، كێشه‌ی ناسنامه و "ته‌عریفی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمدا" هه‌یه، كێشه‌ی سیاسی و حیزبی و ته‌نانه‌ت ناوچه‌یی هه‌یه، هه‌روه‌ها كێشه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداش هه‌یه.
لیژنه‌ی ئۆڵمپی، ئێسته كێكێكی ترشاوی نێو رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره و نازانن چۆن فڕێی بده‌ن.
برایانی به‌ڕێز، ئه‌وه‌ی ئێوه ئێسته بڕیارتان لێداوه، هێشتنه‌وه‌ی خۆتانه به بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی و چاره‌ی كێشه‌كانتان ناكات، ده‌تانه‌وێ به "به‌نجێكی مه‌وزوعی" بۆ ماوه‌یه‌ك، چاره‌ی ئازاره‌كانی وه‌رزش و وه‌رزشوانانی پێ بكه‌ن، كه ئه‌مه له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی كاری دامه‌زراوه‌یی و بواری به‌ڕێوه‌بردنی وه‌رزش یه‌كناگرێته‌وه.
راستییه‌كه‌ی، له‌م قۆناغه‌دا دیاره حكوومه‌تی كوردستان "به‌هۆی كێشه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ به‌غدا و دابینكردنی مووچه" هیچ ئه‌جێندایه‌كی بۆ وه‌رزش نییه، ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ بێ هه‌ڵوێستیی لیژنه‌ی ئۆڵمپی و ئه‌ندامانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه ئێوه خۆتان به "مه‌رجه‌عی باڵای وه‌رزش" ده‌زانن، به‌ڵام له ئه‌رزی واقیعدا نه‌تانتوانیوه ئه‌و ناسنامه‌یه به خۆتان بده‌ن، ته‌نانه‌ت به درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌و لیژنه‌یه، نه‌تانتوانی ئه‌و په‌یامه به حكومه‌ت بگه‌یه‌نن، كه وه‌رزش و بزاڤه‌كه‌ی چه‌نده گرنگن له ژیانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، نه‌خاسمه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، كه وه‌رزش ده‌توانێت چه‌ند به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارام و ته‌ندروست و پێشكه‌وتووی ببات، له كاتێكدا گه‌نجی كورد به ده‌یان كێشه و ته‌ڵه و گرفته‌وه ده‌وردراوه و وه‌رزش ده‌توانێت بیپارێزێت و بیكاته كه‌سێكی به‌سوود بۆ كۆمه‌ڵگه و داهاتووی ئه‌م هه‌رێمه، ئه‌مه جگه له خه‌می پێشخستنی وه‌رزشی ئه‌م كوردستانه، كه ساڵانێكه ره‌وڕه‌وه‌كه‌ی چه‌قیوه.
من دوای ئه‌و ماوه زۆره له بێ ده‌نگی و بێ چالاكییه، چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ی لیژنه‌ی ئۆڵمپی بووم، كه خۆی یه‌كلابكاته‌وه و مێژوویه‌ك بۆ خۆی و ئه‌ندامانی بنووسێته‌وه، به‌ڵام جارێكی تر بێ هیوا بووم له‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه بتوانێت هیچ هه‌نگاوێك بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی وه‌رزشی كوردستان بهاوێژێت و ده‌بێت چاوه‌ڕێی "قودره‌تی قادر" بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌ك له وه‌رزشی كوردستاندا دروست بكات.