دوای 70 ساڵ حوكمی سێدارە لەسەر ژنێك جێبەجێ كرا

:: PM:03:50:13/01/2021 ‌
حوكمی سێدارەی لیزا مۆنتێگۆمری تەمەن 52 ساڵ جێبەجێ كرا. دوای 70 ساڵ یەكەم جارە سزای سێدارەدانی ژنێك لە ئەمەریكا جێبەجێ دەكرێت.

جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەی ئەو ژنە ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 1:31 خولەك بە كاتی ئەمەریكا بووە، جۆری سزادانەكەش لێدانی دەرزیی كوشندە بوو لە گرتووخانەی فیدراڵیی ئیندیانا. دواین جار لە ساڵی 1953 سزای سێدارەدانی ژنێك جێبەجێ كرابوو.

ئەو ژنەی ئەمڕۆ لە سێدارە درا، دەبێتە 11مین كەس كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ لە سێدارە دەدرێت. دۆناڵد ترەمپ دوای 17 ساڵ وەستان، جێبەجێكردنی حوكمی سێدارە لە وڵاتی دەست پێ كردبووەوە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، ئەو ژنەی ئەمڕۆ لە سێدارە درا، لە لایەن پارێزەرەكەیەوە بەرگرییەكی زۆری لێ كرا و بیانووی ئەوە هێنرایەوە لەبەر دۆخی دەروونی ئەو، ناكرێ لە سێدارە بدرێ، بەڵام دواجار دادگای باڵای ئەمەریكا بڕیاری جێبەجێكردنی سزاكەی دا.

ئەو 16 ساڵ لەمەوبەر ژنێكی دووگیانی خنكاند و دواتر بە چەقۆ ورگی ژنەكەی هەڵدڕی


لیزا بە تاوانی كوشتن و رفاندنی مرۆڤ بە سێدارەدان حوكم درابوو. ئەو 16 ساڵ لەمەوبەر ژنێكی دووگیانی خنكاند و دواتر بە چەقۆ ورگی ژنەكەی هەڵدڕی و منداڵەكەی لە ناو سكی دەرهێنا و رفاندی.

جگە لەم ژنە دوو حوكمدراوی ژنی تر لە نۆرەدان تا ئەم هەفتەیە بەر لەوەی جۆ بایدن سوێندی یاسایی بخوات لە سێدارە بدرێن، جۆ بایدن دژی سزای سێدارەدانە.



وشە - سلێمان تاشان