عێراق.. پارە و دەسەڵات میلشیاكان دەكاتە دوژمن

:: PM:04:39:13/01/2021 ‌

دوای ئەوەی بەمەبەستی خۆیان گەیشتن لە مانەوە و بوون بە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی لەناو حكوومەت و لە پەرلەمانی عێراق و كۆنترۆلكردنی كایەكانی سیاسی و ئابووری و تەناهی عێراق، ئەوان لەگەڵ یەكتر كەوتوونەتە ململانێی دەسەڵات و پارە، بەتایبەتی بەشێوەیەكی نایاسایی لە دەروازە سنوورییەكان و كێڵگە نەوتییەكان و دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵی گشتی و تایبەتیش، ئێستە ململانێی توند لە نێوان گرووپەكانی حەشدی شەعبیدا هەیە.

حەشدی شەعبی، ئەو دامەزراوەی بە فەتوایەكی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف دروست بوو و لە 2016 شەرعیەتی یاسایی پێ درا و بووە بەشێك لە دامەزراوەی بەرگری عێراق، ئەوان توانیان لە جەنگی داعش ناوبانگ پەیدا بكەن و لە هەڵبژاردنی 2018 سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنن و بچنە ناو پەرلەمانەوە، ئێستەیش ئەو دەستەیە دەیان گرووپ لەخۆ دەگرێ كە زۆرینەیان سەر بە ئێرانن، لە ماوەی دواییدا دوای توندبوونی سزاكانی سەر ئێران و كەمبوونەوەی پاڵپشتی دارایی ئەوان، پەنایان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لە ناوخۆی عێراق برد، لە رێگەی نوسینگەی ئابووریان لە پارێزگاكان، ئەوەیش بووەتە هۆی دروستبوونی ناكۆكی گەورە لە نێوانیاندا.

یەكێك لە هۆكارەكانی ناكۆكی نێوان گرووپەكانی حەشدی شەعبی نەبوونی سەركردایەتییەكی بەهێز و یەكگرتووە، بەتایبەتی دوای كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری پێشووی حەشدی شەعبی، جیا لە وەستانی جەنگ لەدژی داعش و رووكردنیان لە بازرگانی و پەیداكردنی پارە لەناو پارێزگا ئازادكراوەكان و بەغدای پایەتەخت.

بەپێی زانیارییەكان لە دوو مانگی رابردوودا ناكۆكی گەورە لەنێوان سەرانی میلیشیا وەلائییەكاندا هەبووە، تا ئێستەیش بەردەوامە، ناكۆكی دوایی لەبارەی دابەشكردنی لیواكانی حەشدی شەعبییە لە ناوچە ئازادكراوەكانی دەستی داعش، كاتێك گرووپی عەسائیب دەیەوێ لە سنووری هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین بێت بە پاساوی ئەوەی خاوەن باڵێكی سیاسییە لەوێ بەناوی "سادیقوون"، لەوكاتەی كەتیبەكانی حزبەڵای عێراقی، بەتایبەتی عەبدولعەزیز محەمەداوی ناسراو بە "ئەبو فەدەك"، رەتی دەكەنەوە عەسائیب لە نەینەوا و باكوری بەغدا بن و دەیانەوێ ئەوان لە چەند ناوچەیەكی سەڵاحەدین و رۆژهەڵاتی ئەنبار بن.
حكوومەت لەوە لاوازترە حسێب لەگەڵ مێرولەیەكیش بكات و گەندەڵكاران عێراق تەراتێن دەكەن
لە سنووری پارێزگای دیالەیش ناكۆكی هەیە كە هەریەك لە گرووپەكانی "بەدر" و "سەرایا سەلام"، تیایدا باڵادەستن، كەتیبەكانی حزبەڵایش لە ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا هەن، رەتی دەكەنەوە ناوچەكانی خۆیان بگۆڕن، هەردوو میلیشیای "شەبەك" و "بابلیوون"، لە دەشتی نەینەوا باڵادەستن و "توركمان" و "بەدر" و "جوندولئیمام" لە ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای كەركوون.   

بەپێی زانیارییەكان ناكۆكی گەورەی ئەوانە بۆ نووسینگە ئابوورییەكانیان دەگەڕێتەوە، جیا لە سەرچاوەی تری دارایی لەوانە بازرگانی و قاچاخ كە پێشتر سلێمانی و موهەندیس چارەسەریان كردووە، بەڵام ئێستە وەك جاران نییە، بۆ نموونە ناكۆكی لە نێوان قەیس خەزعەلی، سەركردەی گرووپی عەسائیب و ئەبو فەدەك، شوێنگرەوەی موهەندیس هەیە، لەسەر پۆستە ئیدارییەكان و دەسكەوتە داراییەكان، ئەوەیش بوو وای كرد كە گرووپی عەسائیب پابەندی بڕیاری ئاگربەستی ئەبو فەدەك لەگەڵ ئەمەریكییەكان نەبێت و لە كۆتایی ساڵی رابردوو باڵوێزخانەی ئەمەریكا بۆردمان بكات.

د. ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی عێراق دەڵێت، كوژرانی سلێمانی و موهەندیس كاری كردە سەر سیاسەتی ئێران لە عێراق تا ئاستی ترازانی ناوماڵی شیعە، ئێران نەیتوانیوە كەسێكی وەك قاسم سلێمانی دروست بكاتەوە، هەروەها نەبوونی موهەندیس وای كرد هەندێك لە گرووپەكان هەڵگەڕێنەوە.

ئێستە زۆرێك لە موڵكومال و زەویوزاری گشتی دەوڵەت لەلایەن ئەو گرووپانە و حیزبەكانیانەوە داگیر كراوە، حكوومەتی عێراق بەڵێنی زۆری بۆ گەراندنەوەی شكۆ و دەسەڵاتی دەوڵەت و نەهێشتنی گرووپە چەكدارەكان داوە، بەڵام بێسوود، سادق محەنا، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، موڵكوماڵی دەوڵەت لەلایەن چەند لایەنێكی دەسەڵاتدار و دەسترۆیشتووەوە بێ هیچ رێگریەك كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێ و حكوومەت لەوە لاوازترە بتوانێت حسێب لەگەڵ مێرولەیەكیش بكات، بۆیە گەندەڵكاران بە خواستی خۆیان لە عێراق تەراتێن دەكەن.     


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل