ترەمپ چی بەسەر دێت؟

:: PM:05:12:13/01/2021 ‌

ئێستە دیموكراتەكان، بەتایبەتی نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، بەدوای وەشاندنی دوایین گورزن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و پارتی كۆماری، ئەو سەرۆكەی چوار ساڵ تاڵاوی بە دیموكراتەكان و لایەنگرانی لە ناوخۆی و دەرەوەی ئەمەریكا چەشت، بۆیە ئێستە كار بۆ لێدانی گورزێك لە داهاتووی دوور و نزیكی ترەمپ و ناوبانگی پارتی كۆماریش دەكات، چارەنووسی ترەمپ چی دەبێت؟ 

هەشت رۆژ لە ماوەی دەسەڵاتی ترەمپ ماوە و بڕیارە لە 20ی ئەم مانگە جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی دیموكراتەكان دەسەڵاتی لە كۆشكی سپی وەربگرێت، دوای ئەوە سەرقاڵی سەتان كێشە و دۆسیەی گەورە و گرنگی ناوخۆیی و دەرەكی دەبێت، لەوكاتەی ئەو رۆژانەی دەسەڵاتی ترەمپ و دوای نەمانیشی لە دەسەڵات چارەنووسی دۆخی ئەو دیاری دەكەن، ئێستە ترەمپ لە نێوان سێ بژارەیە كە دووانیان رەت كرایەوە، یەكەمیان دەستلەكاركێشانەوە و دووەم دابڕینی، كە هەردووكیان رەت كرانەوە، سێیەمیش لادان و دوورخستنەوە دوای دادگاییكردن، كە ئێستە دیموكراتەكان لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران كاری لەسەر دەكەن.

بەپێی ئەوەی لەسەر زەویدا هەیە، ترەمپ هەشت رۆژەكەی خۆی تەواو دەكات، ئەوەیش دوای ئەوەی خۆی دەستلەكاركێشانەوەی رەت كردەوە و مایك پێنسی جێگریشی كاراكردنی مادەی 25ی دەستووری و جێبەجێكردنی بەسەر ترەمپ رەت كردەوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ كۆنگرێس دەتوانێ چیتر لە ترەمپ بكات، بەتایبەتی لەبارەی ئیمتیازاتەكانی وەك سەرۆكێكی پێشوو لە دوای 20ی ئەم مانگەوە، ئەگەر بتوانن لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران رێوشوێنەكانی لێپرسینەوە و لادانی تەواو بكەن. 

دوای رەتكردنەوەی پێنس بۆ داوایەكی كۆنگرێس بە كاراكردنی مادەی 25، ئەنجوومەنەكە دەسەڵاتی كاراكردنی مادەكەی نییە، بەوپێیەیش كە تەنیا هەشت رۆژ لە تەمەنی دەسەڵاتی ترەمپ ماوە، بۆیە ئەستەمە دیموكراتەكان بتوانن لەو ماوە كورتەدا رێوشوێنەكانی لێپرسینەوەی لادانی ترەمپ تەواو بكەن، كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر بڕیاری لادانی ترەمپ لە رێگەی ئاراستەكردنی تۆمەتی یاخیبوونی بدەن، بەوهۆیەیش كە دیموكراتەكان لەو ئەنجوومەنە زۆرینەن، بڕیاری دادگاییكردنی ترەمپ تێپەڕ دەكەن، بەتایبەتی هەندێك پەرلەمانتاری كۆماریش لەبەرژەوەندی بڕیارەكە دەنگ دەدەن.
ئەگەری زۆرە ترەمپ تۆمەتبار نەكرێت
هەنگاوی دوای ئەوە ئەنجوومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكان رەوانەی ئەنجوومەنی پیران دەكات كە لەوێ دادگاییكردنی ترەمپ بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئێستە ئەنجوومەنەكە لە پشوودایە و ئێوارەی 19ی ئەم مانگە دەست بەكار دەكاتەوە، هاوكات دیموكراتەكان رایان گەیاند كە ئەوان دوای 100 رۆژ لە فەرمانڕەوایەتی بایدن دەست بە رێوشوێنەكانی دادگاییكردنەكە دەكەن، تا بوار بە بایدن بدەن بەرنامەی حكوومەتەكەی جێبەجێ بكات.

ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێ دادگاییكردن و لابردنی ترەمپ دەكەوێتە ماوەی دوای كۆتاهاتنی دەسەڵاتەكانی، تا ئێستەیش لە ئەمەریكا شتی وا نەبووە كە سەرۆكێك دوای كۆتاهاتنی ماوەی دەسەڵاتی لابدرێت، بەڵام بەوپێیەی مەبەستی دیموكراتەكان لەو رێوشوێنانە زیاتر سزادانی ترەمپە، وەك مایكل بۆلسین، شارەزای یاسایی لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "یاهو نیوز"، ئاماژەی بۆ كردووە، لە دەستووری ئەمەریكیدا دەقێك نییە لابردنی بەرپرسی فیدراڵ بە بوونی لە پۆستەكەی ببەستێتەوە.

هەر لەوبارەوە برایان كۆڵت، مامۆستای یاسا لە زانكۆی مێشیگان دەڵێت، لابردنی دواخراو، واتە دوای نەمانی بەرپرس لە دەسەڵات، لە ئینگلتەڕا و پێچەوانەی ئەوەی لە یاسای ئەو وڵاتەدا هەیە جێبەجێ كراوە، لە ئەمەریكا دەقێكی دەستووری وامان نییە ئەو كارە رابگرێت، جیا لەوە دەستووری هەندێك لە ویلایەتەكان بە راشكاوانە باسی رێوشوێنەكانی لابردنی دواخراو یان داواكردنی دەكات.

بۆیە لە رووی تیۆرییەوە رێگرێك نییە بۆ پەنابردنی بۆ رێوشوێنی لابردنی دواخراوی ترەمپ، واتە دوای 20ی ئەم مانگە، بەڵام ئەگەر لیستی تۆمەتەكان گەیشتە ئەنجوومەنی پیران، تۆمەتباركردنی پێویستی بە دەنگی رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە هەیە، ئەوەیش ناكرێت، چونكە هەردوو پارت 50 كورسیان هەیە.

بۆیە ئەگەری زۆرە ترەمپ تۆمەتبار نەكرێت، تەنیا ئەگەر 17 ئەنجامی كۆماری دەنگ بۆ بڕیارەكە بدەن، ئەگەر رووی دا، ئەوكات ئەنجوومەنی پیران بڕیار دەردەكات بەوەی نابێ ترەمپ جارێكی تر پۆستی فەرمی وەربگرێت، واتە هەروەها ئیمتیازاتی سەرۆكەكانی پێشوو لەدەست دەدات، لە مووچە و بیمەی تەندروستی و تیمی پاسەوانی، وەك "بی بی سی"ی بەریتانی وای گوت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل