سووریا.. هێرشەكەی ئیسرائیل 77 كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە

:: PM:05:50:13/01/2021 ‌

ناوەڕاستی شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆردمانی هێزەكانی حكوومەتی سووریا و میلیشیاكانی سەر بە ئێرانیان لە پارێزگای دێر زوور كرد، بەوهۆیەوە 77 كوژراو و برینداری لە ریزەكانیان كەوتووەتەوە.
سوپای سووریا هیچ بەرگرییەكی بەرانبەر بەو هێرشانە نەكردووە
وەك روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، ئاماری زیانی گیانی هێرشە ئاسمانییەكەی شەوی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر سوپای سووریا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە پارێزگای دێر زوور گەیشتووەتە 40 كوژراو و 37 بریندار.

روونی كردەوە، كوژراوان نۆیان سەربازی سوورین و 31یان لە میلیشیاكانی سەر بە ئێرانن و سووری نین، لەگەڵ 37 بریندار لە چەند شوێن و ئەمباری چەكی سەر بە حزبەڵای لبنانی و میلیشیاكانی عێراقی و لیوای فاتمیوون و سوپای سووریا لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلەوە لە دەشتی ئەلبووكەمالەوە كرانە ئامانج. 

روانگەكە روونی كردەوە، لەوەی شەوی رابردوو 10 هێرشیان بۆ سەر جبەخانەی عەیاش و سەربازگەی ساعیقە و لیوای 137 و دەوروبەری دێر زوور بووە و ئەو ناوچانە بۆردمان كراون، جیا لە كوژرانی 16 سەربازی سووری و میلیشیاكان، هەروەها شەش هێرش دەشتی ئەلبوكەمالیان كردووەتە ئامانج و تیایدا جیا لە زیانی سەربازی، 11 چەكداری میلیشیای ئێرانی كوژراون.

لە دەشتی مەیادین، دوو هێرش كراوەتە سەر جبەخانەكان و 13 چەكداری میلیشیای ئێرانی كوژراون، ئەوەیش چڕترین بۆردمانی ئیسرائیلییە لەسەر خاكی سووریا، لەوكاتەی ئەو ناوچانە كەوتوونەتە ژێر كۆنترۆڵی رووسیا و سوپای سووریا هیچ بەرگرییەكی بەرانبەر بەو هێرشانە نەكردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل