عێراق.. گۆڕێكی بەكۆمەڵی سوننەكان دۆزرایەوە

:: PM:07:45:13/01/2021 ‌

دوای ئەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی سوونەكان لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدینی سوننەنشین لە ناوەڕاستی عێراق دۆزرایەوە، چەند كەسایەتییەكی هۆزە سوننەكان، میلیشیا شیعەكانیان بە كوشتنی دەیان لە رۆڵەی ئەوان تۆمەتبار كرد.
میلیشیاكان زانیاری لە كەسوكاری ونكراوەكان دەشارنەوە
تامی مەجمەعی، گوتەبێژی فەرمی ئەنجوومەنی پیاوماقووڵان و كەسایەتییەكانی عێراق و سەڵاحەدین گوتی، گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە ناوچەی جالی سەر بە شارەدێی ئیسحاقی لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدین دۆزرایەوە كە تەرمی 50 كەسی كوژراوی خەڵكی ناوچەكەی لەخۆ گرتووە. 

مەجمەعی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەو میلیشیایانە درێژ كرد كە لەدوای ئازادكردنەوەی لە داعش كۆنترۆڵی ناوچەكە دەكەن، كە ئەوان بەرپرسن لە ونكردنی بەزۆری دەیان رۆڵەی ناوچەكە، كاتێك كەسوكاری ئەوان بەدوای چارەنووسی رۆڵەكانیان گەڕاون، بەڵام میلیشیا وەلائییەكان، ئەوانەی سەر بە ئێرانن، رێگریان لەوان كردووە.

ئەو داوای لە حكوومەت كرد كە بڕیارێك دەربكات بۆ دەستگرتن بەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ونكراوەكان.

شایەنی باسە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو چەكدارانی سەر گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق، 12 گەنجی سوننەی خەڵكی قەحتانییەی نزیك لە ناوچەی ئیسحاقیان لە پارێزگای سەڵاحەدینیان رفاند و دوای چەند سەعاتێك تەرمی هەشتیان بە گولەبارانكراوی دۆزرایەوە و چواریشیان چارەنووسیان نادیارە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل