هاووڵاتییانی ناوچەكە: پەكەكە لە سنووری شارۆكەی ماوەت رێگری لە خەڵك دەكات

:: PM:08:40:13/01/2021 ‌

تا دێت هەڵسوكەوتە بێزاركەرەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنووری شارۆكەی ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی زیاتر دەبێ و لەو شوێنانەی خۆی تیایدا باڵادەستە، نایەڵن هیچ كەسێك بۆ گەشت و خۆشی سەردانی ناوچەكە بكات.
هێزە تەناهییەكانیش ناتوانن رێگەیان لێ بگرن
كاروان ئەحمەد، هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی عیساوێی سەر بە شارۆكەی ماوەتە ئەمڕۆ چوارشەم 13ی كانوونی دووەم، بە "وشە"ی راگەیاند، لە چەمی بەرد بەرد كە سەر بە شارۆكەی ماوەتە، تا دەگاتە ناوچەی شینكایەتی، چەكدارانی پەكەكە رێگە نادەن هیچ كەسێك بۆ گەشت و سەیران و راوكردن ڕوو لە ناوچەكە دەكات.

زیاتر گوتی، پەكەكە لەو سنوورە گومرگ و سەرانە لە خەڵك وەردەگرێت، تەنانەت هێزە تەناهییەكانیش ناتوانن رێگەیان لێ بگرن، چونكە ئەوان كێشەیان نییە شەڕیش بكە، بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، گوندی عیساوێ بەتەواوەتی كەوتووەتە دەست پەكەكە، بۆیە هەر كەسێك بیەوێ بچێتەوە گوندەكە، پرسیاری لێ دەكەن و نایەڵن چەك و مۆبایلی زیرەكیشی پێبێت.

دووپاتی كردەوە، لە سنووری ناوچەی شینكایەتی كە گوندی گەڵاڵە، عیساوێ، چەمی بەرد بەرد، كەناروێ، قەندۆڵان و قامیش و ناوچەكانی دەوروبەری پەكەكە سەرانە و گومرگ وەردەگرێت، هەركسێكیش بۆ گەشتوگوزار بڕواتە ئەوناوچانە، كێشەی بۆ دروست دەكەن و دەیگەڕێننەوە.

لای خۆیەوە كامەران حەسەن، قایمقامی شارۆكەی ماوەت بە "وشە"ی راگەیاند كە هیچ ئاگاداری ئەوە نییە پەكەكە لەو سنوورەی باس كراوە رێگری لە خەڵك بكات، روونی كردەوە، خۆم چەندجارێك بەو شوێنەدا رۆیشتووم و راستە چەكدارانی پەكەكەی لێیە، بەڵام ناوچەیەكی ستراتیجییە و رێگەم لێ نەگیراوە، كەسیش سكاڵای لامان نەكردووە بڵێ رێگریم لێ كراوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل